Fatma Esma Arslan
28 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2020
داکار- AA
لە کاتێکدا گەلی مالی دوای کودەتاکەی ١٨ی ئاب چاوەڕێی قۆناغێکی راگوزەری مەدەنی و سیاسی دەکرد، ئەنجوومەنی سەربازی سەربە کۆنسەی نیشتمانی رزگاری گەل، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئاسیمی گۆیتا-ی وەک "سەرکۆمار" دیاریکرد.
لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بەڵگەنامەی روونکردنەوەی "ماف و ئەرکە سەرەکییەکان" بە واژووی گۆیتا بڵاوکراوەتەوە.
بەڵگەنامەکە لە ٤١ بەند پێکهاتووە و لە بەندی ٣٢دا ئەوە ئاشکرا کراوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی سەر بە کۆنسەی نیشتمانی رزگاری گەل، ئەرکی سەرکۆماری پێدەسپێردرێت.
بەندەکانی بەڵگەنامەکە وەک پاشبەندێک بۆ دەستووری ئەو ولاتە زیاد دەکرێن کە لە ساڵی ١٩٩٢وە داندراوە.
ئەنجوومەنی سەربازی ئەو وڵاتە کە لە شەوی کودەتاکەدا لە کەناڵی فەڕمی دەوڵەتەوە بەیاننامەی قۆناغی راگوزەری مەدەنی و سیاسی پێشکەش کرد، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ئەنجامدابوو.
شاندی یەکێتییەکە لە میانی سەردانێکیاندا بۆ ناوچەکە لە ٢٢-٢٤ی ئاب ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە پێویستە ماوەی قۆناغی راگوزەر لە ساڵێک زیاتر نەبێت.
- کودەتا سەربازییەکەی مالی
رۆژی ١٨ی ئەم مانگە گروپێک سەرباز لە وڵاتی مالی کودەتایان ئەنجامدا و بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیانەوە هاتنە ناو باماکۆ-ی پایتەختەوە.
دواتر لەڕێی دەستگیرکردنی چەند وەزیر و سەربازی پلەدارەوە دەستیان بەسەر بیناکانی دەوڵەتدا گرت.
پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ئیبراهیم کایتا لەلایەن سەربازە کودەتاچییەکانەوە دەستگیر کرا و برایە بنکەی سەربازی کاتی، لە نیوەی شەودا و لە تەلەفیزیۆنی فەڕمی دەوڵەتەوە کایتا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
چەند کاتژمێرێک دواتر کودەتاچییان لە هەمان کەناڵەوە ئەوەیان راگەیاند کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و قۆناغی راگوزەری مەدەنی و سیاسی لە وڵاتدا دەستیپێکردووە.