Muhammet Ali Kemal
09 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2017
غەززە/قودس- AA
لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو، ١٥ کەس برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، ئەشرەف قودرە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا، ١٥ کەس برینداربوون کە یەکێکیان منداڵە.
ئەشرەف قودرە باسی لەوەشکردووە کە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی ئیندۆنێزیا لە باکووری غەززە گوازراونەتەوە.
هاوکات لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپا کەمپێكی مەشق و راهێنان و جبەخانەیەکی حەماسی لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج''.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە کە هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکە لە وەڵامی ئاراستەکردنی دوو مووشەک لە غەززەوە بۆ باشووری ئیسرائیل، ئەنجامدراوە.
هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە یەکێک لە مووشەکەکان لە لایەن سیستمی بەرگریی دژە مووشەکەوە خراوەتە خوارەوە و کارەکانی دیارییکردنی ئەو شوێنەی مووشەکی دووەمی لێ کەوتووەتە خوارەوە بەردەوامە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی نێو غەززە ئاماژەیان بەوەکرد فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر سێ شوێنی تایبەت بە حەماس لە کەرتەکە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد لە هێرشەکاندا پێگەیەک لە ناوچەی شێخ زاید لە باکووری کەرتی غەززە و دوو پێگە لە رۆژئاوای کەرتەکە کراونەتە ئامانج.