Zana Natık Kerem
17 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی رایگەیاند کە شاندێکی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم، ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێ کردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی دەستووردا.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسرور بارزانی لە شاری دهۆک پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.
باسی لەوەشکردووە کە هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتەئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراق.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە شاندێکی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم، ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێ کردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی دەستووردا.