Barış Seçkin
26 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2023
رۆما - AA
لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی شاری کرۆتۆن باشووری ئیتاڵیا، ٤٣ کۆچبەری نایاسایی خنکان.
ئاژانسی هەواڵیی ANSAی ئیتاڵیا بڵاوی کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەلەمێک کە نزیکەی ٢٥٠ کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لە ناوەڕاستەوە بوو بە دوو کەرتەوە و لە کەناراوەکانی شاری کرۆتۆن باشووری ئیتاڵیا نوقم بوو.
بەپێی زانیارییە بەراییەکان لە رووداوەکەدا، ٤٣ کەس خنکاون کە زۆربەیان منداڵ بوون، ٨٠ کەسیش رزگار کراون.
راگەیەندرا لە کۆی ٨٠ کۆچبەرە رزگارکراوەکەدا، ٢٠یان لە خۆشخانەی شاری کرۆتۆن خەوێندراون.
بەگوتەی شایەتحاڵان بەلەمەکە تایبەت بووە بە ماسیگرتن و نزیکەی ٢٥٠ کەسی هەڵگرتبوو.
هاوکات رۆژنامەکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، ترسی ئەوە هەیە کە ژمارەی گیانلەدەستدان ١٠٠ کەس تێپەڕێنێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جیۆرجا میلۆنی کە دوای ئەو رێوشوێنانەی بەرامبەر بە کۆچی نایاسایی گرتوویەتەبەر بووەتە رۆژەڤ، لەبارەی رووداوەکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: "بە قووڵی خەمبارم بۆ ئەو کەسانەی ژیانیان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە کۆتایی پێهێندرا. چوونە دەریا لە کەشوهەوایەکی نالەباردا بە بەلەمێکی تەنها ٢٠ مەتری کە ٢٠٠ سەرنشینی هەڵگرتبێت، تاوانە".
جیۆرجا میلۆنی ئاماژەی بەوە داوە کە نابێت زانیاریی ناڕاست لەبارەی ژمارەی قوربانییان بڵاوبکرێتەوە، گوتی: "حکوومەت بڕیاریداوە رێگری بکات لە رۆشتنی بەلەمی کۆچبەران، بەمەش رێگری لەو رووداوە تراجیدییانە دەکرێت".
وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا، ماتیۆ پیانتێدۆسی رایگەیاند، ئەوەی کە روویدا کارەساتێکی گەورەیە و زۆر گرنگە بەردەوام بن لە هەموو جۆرە دەستپێشخەرییەک بۆ رێگریکردن لە جووڵەی بەلەمی کۆچبەرانی نایاسایی.