Bahattin Gönültaş
26 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2022
شلۆس ئەلماو – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشكرایكرد، لە لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە لە کۆشکی ئەلماو لە ویلایەتی باڤیەرا لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە هاوردەکردنی ئاڵتوون لە رووسیاوە قەدەغە دەکرێت.
جۆ بایدن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویكردهوه، ئەمریکا بەمەبەستی رێگەگرتن لە دابینکردنی داهات بۆ جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا ئاستەنگی ئهوتۆی خستووەتە بەردەم سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە.
بایدن نووسیوویەتی: "لە G7دا (ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن) قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئاڵتوون لە رووسیا رادەگەیەنین کە یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی رووسیا و بەهاکەی دەیان ملیار دۆلارە".
ساڵی رابردوو رووسیا لە دوای چین بە بەرهەمهێنانی ٣٣١ هەزار تۆن ئاڵتوون لە ریزی دووەمی وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئاڵتووندا بوو. ئاڵتوون له دوای وزە دووەم گرنگترین بەرهەمی هەناردەکراوی رووسیایە.
لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە یەکێکە لە پلاتفۆرمە گرنگەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان ئەمڕۆ لە کۆشکی ئەلماو لە ویلایەتی باڤیەرا لە ئەڵمانیا دەست پێدەکات و ٢٨ی حوزەیران کۆتایی دێت.
لووتکەی سەرکردەکانی G7 کە حەوت وڵاتە ئابوورییە هەرە گەشەکردووەکەی جیهان پێکەوە کۆ دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و سووتەمەنی بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە، هەروەها نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی "وهستاویی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان" لەئارادایە.
سەرکردەکانی G7 باری سەرنجیان دەخەنە سەر ئەو جەنگەی رووسیا لە دژی ئۆکراینا هەڵی گیرساندووە و لێکەوتەکانی جەنگەکە لەسەر ئابووری.