Mazın Asad,Sangar Hamad Azeez
25 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2017
واشنتۆن - AA
لە میانی لێکۆڵینەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ھێرشەکەی سەر گەڕەکی مووسڵ جەدیدە لە ١٧ی ئاداری ئەمساڵ، راگەیەندراوە کە لە تەقینەوەی دووەم لە نێو باڵەخانەکەدا ١٠٥ ھاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی.
ئەو لێکۆڵینەوەیەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر کوژرانی ٢٣٠ ھاووڵاتی مەدەنی لە ھێرشێکی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان لە باڵەخانەیەکی گەڕەکی مووسڵ جەدیدە لە بەری رۆژئاوای شارەکە دەستی پێکردبوو، کۆتایی هات.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاو کرایەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بۆمبانەی لە فڕۆکەکانەوە ھاوێژراوە لەگەڵ تەقەمەنی دیکەی نێو باڵەخانەکەدا پێکەوە تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە باڵەخانەکە بەشێوەیەکی خێرا رووخاوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا روونیش کراوەتەوە کە بەھۆی ھێرشەکەوە لە نھۆمی خوارەوەی باڵەخانەکە ١٠١ ھاووڵاتی مەدەنی و دوو قەناسبەدەستی داعش کوژران و لە باڵەخانەیەکی نزیکیی ئەو باڵەخانەیە، چوار ھاووڵاتی مەدەنی دیکە کوژران و راشگەیەندراوە کە جگە لەوانە ٣٦ ھاووڵاتی مەدەنی دیکەش لە نھۆمەکانی دیکەی باڵەخانەکە بوونە قوربانی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە لێکۆلینەوەکاندا دەرکەوتووە کە داعش بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی لە بیناکە جێگیر کردووە و پاشان پڕی کردووە لە هاووڵاتی و ئینجا هەر لەو بینایەوە تەقەی لە سوپای عێراق کردووە. هێزەکانی هاوپەیمانانیش لەسەر داوای سوپای عێراق بۆردومانی ئەو بینایەیان کردووە چونکە دوو قەناسبەدەستی داعشی تێیدا بووە. ئەمە لەکاتێک کە نە سوپای عێراق نە هێزەکانی هاوپەیمانان زانیارییان نەبووە لەسەر بوونی هاووڵاتی مەدەنی لە بیناکە. جگە لەمەش ئەو چەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەکاریان هێناوە کە چەکی "GBU-38"یە، تەنیا کاریگەری لەسەر نهۆمی سەرەوە دەبێت بەڵام بەهۆی جێگیرکردنی تەقەمەنی لەلایەن داعشەوە لە بیناکە، بیناکە خاپوور بوو، هەروەها بووە هۆی روودانی تەقینەوەیەکی گەورەش".
لە لێکۆلینەوەکان هیچ کاریگەری چەکی 'GBU-38' بەدیار نەکەوتووە بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت کە پارچەی ئەو تەقەمەنیانە دۆزراوەتەوە کە داعش بەکاری هێنابوو کە نزیکەی ٩٠ کیلۆگرام دەخەمڵێنرێت.