Ramal Mahmood
09 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2016
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ:
- "من نەمگوت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە حەلەب بە تەواوی کۆتایی هاتووە. من گوتم بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل شارەکە بەجێبهێڵن بەشێوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکان راگیراون. ئۆپەراسیۆنەکان دوای رێگەکردنەوەی مرۆیی بۆ هاووڵاتییان تاکو دوورکەوتنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی حەلەب بەردەوام دەبن".
- "لە کۆبوونەوەداین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر ئەو گرووپانە هەیە. لەگەڵ تورکەکان لە گفتوگۆداین، هەوڵ دەدەین بگەینە چەند خاڵێکی هاوبەش. ئەو هەماهەنگییە لە ئەمریکییەکان کاریگەرتر دەبێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئەسەدەوە بۆسەر رۆژهەڵاتی حەلەب تاکو جێهێشتنی ئەم ناوچەیە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان بەردەوام دەبێت.
لاڤرۆڤ دوای کۆبوونەوەی ٢٣یەمینی رێکخراوی هەماهەنگی و ئاسایشی ئەورووپا کە لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازدا.
لاڤرۆڤ لە کۆنگرەکەدا هۆکاری راگرتنی هێرشی هێزەکانی رژێم بۆسەر رۆژهەڵاتی حەلەب بۆ ماوەیەک روونکردەوە. گوتی: "من نەمگوت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە حەلەب بە تەواوی کۆتایی هاتووە. من گوتم بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل شارەکە بەجێبهێڵن بەشێوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنەکان راگیراون. ئۆپەراسیۆنەکان دوای رێگەکردنەوەی مرۆیی بۆ هاووڵاتییان تاکو دوورکەوتنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی حەلەب بەردەوام دەبن. ئەم بابەتەم لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری هەم بە تەلەفۆن هەم رووبەڕوو باسکردووە. سبەی پسپۆڕانی ئەمریکی و رووسی لە جنێف لە حەلەب کۆدەبنەوە. ئەگەر ئەمریکییەکان لە ساتی کۆتاییدا هەڵوێستێکی جیاواز نیشان نەدەن، ئەوە دەرفەتی ئەوەمان دەبێت رێکبکەوین لەسەر ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێویستە هەمو گرووپە چەکدارەکان بێجیاکاری شارەکە جێبهێڵن".
لاڤرۆڤ ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی رەوشی حەلەب تاکو خەڵکی زیاتر نەبنە قوربانی، گوتی: "لەبەر ئەمە ماوەیەکی زۆرە دەمانەوێت بڕوا بە ئەمریکییەکان بهێنن کە پێویستە گرووپە چەکدارەکان لە حەلەب بکشێنەوە. بەڵام تاکو ئێستا ئەمریکییەکان ئەمەیان نەکردووە. لە کۆبوونەوەداین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر ئەو گرووپانە هەیە. لەگەڵ تورکەکان لە گفتوگۆداین، هەوڵەدەدەین بگەینە چەند خاڵێکی هاوبەش. ئەو هەماهەنگییە لە ئەمریکییەکان کاریگەرتر دەبێت".
لەبارەی ئەوەی کە بانگەشە دەکرێت ئەمریکا مووشەکی بەرگری دەداتە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا، لاڤرۆڤ گوتی: "ئەو پێشهاتانە لە کۆبوونەوەکانمان لەگەل ئەمریکییەکان دەهێنرێنە بەرباس. پێموانییە بەمە بتوانرێت رەوشی حەلەب بگۆڕێت. چونکە گرووپە چەکدارەکان لەوێ گەمارۆدراون. بەڵام ئەگەر سەیری رەوشی سووریا بکەین زیاتر پێدانی چەک بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا مەترسییەکی گەورەیە. چونکە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو چەکەی دەدرێتە ئۆپۆزسیۆن بکەوێتە دەستی تیرۆریستان".