Zana Natık Kerem
14 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2018
واشنتۆن ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئاوات دەخوازێت تا دوو ساڵ و شەش مانگی داھاتوو، داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە لایەن کۆریای باکوورەوە تەواو بێت.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە مایک پۆمپیۆ لە میانی سەردانەکەی بۆ کۆریای باشوور لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاندووە کە ئیدارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئاوات دەخوازێت لە میانی دوو ساڵی و شەش مانگی داھاتوو، کۆریای باکوور بە تەواوی چەکی ئەتۆمی دابماڵێت.
مایک پۆمپیۆ ئەوەشی گوتووە "داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە لایەن کۆریای باکوورەوە، ئامانجی ھەمووانە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەوانێک کە داوای لێ کردبوو زانیاری زیاتر لە بارەی چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لە دەستبەرداربوونی کۆریای باکوور لە چەکە ئەتۆمییەکانی بخاتەڕوو، گوتی: "ئەم پرسیارە، پرسیارێکی چەپەڵ و شێتانەیە، ھەروەھا جێگەی گاڵتەپێکردنە".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ھەڕەشەی ئەتۆمی لە لایەن کۆریای باکوورەوە کۆتایی ھاتووە.
ئەم پێشھاتانە دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممەی رابردوو کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون لە سینگاپورە بەڕێوەچوو.