Kasım İleri,Mohammed Baqi Hussein,Muhammet Ali Kemal
26 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2019
واشنتۆن - AA
نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا، جێمس جێفری رایگەیاند، لەگەڵ توركیا كار لەسەر ناوچەیەكی ئارام دەكەن لە سووریا و گوتی: "ئەوەی كە لەگەڵ توركیا كاری لەسەر دەكەین ئەوەیە، بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ توركیا بە مەودایەكی دیاریكراو ناوچەیەكی ئارام پێكبهێنین كە یەپەگەی تیادا نەبێت".
جێمس جێفری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و رایگەیاند، ئامانجیانە لە سووریا داعش بە شێوەیەكی درێژخایەن سەرهەڵنەداتەوە و گوتی:
"ئەمڕۆ زۆر لەوە نزیكین، بەڵام دەزانین كە داعش هێشتا شانەی نووستووی هەیە و لە هزری هەندێك لە مرۆڤەكاندا بوونی درێژەی هەیە".
نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا، جێمس جێفری باسی لە هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا كرد لە سووریا و گوتی: "ژمارەیەكی سنوورداری هێزەكانمان بۆ ماوەیەكی دیاریی نەكراو و بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پاككردنەوەی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا و تەنەف دەمێننەوە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی قۆناغی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا جێمس جێفری گوتی: "كشانەوەی هێزە چەكدارەكان دەستیپێكردووە. ژمارەی هێزەكان بەرەو ئەو ژمارەیە دادەبەزێت كە بڕیارە لەوێ بمێنێتەوە".
نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا، جێمس جێفری لەبارەی كارە هاوبەشەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیا دوا و وردەكاریی ناوچەی ئارامی لە سنووری سووریا- تورکیا خستەڕوو و گوتی:
"ئەو شتەی کە لەگەڵ تورکیادا کاری لەسەر دەکەین، ئەوەیە کە بە درێژایی سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا لە رووبەرێکی دیارییکراودا ناوچەیەکی ئارام دابمەزرێنرێت کە یەپەگەی تیادا نەبێت، چونکە تورکیا سەبارەت بە یەپەگە و ئەو پەیوەندییانەی کە یەپەگە بە پەکەکەوە هەیەتی ئێجگار ناڕەحەتە، لەمە تێدەگەین، بەڵام هاوکات ئەوەشمان ناوێت کە مامەڵەی خراپ بکرێت لەگەڵ هەسەدەی هاوبەشمان کە کوردەکانیشی لەنێودایە. دەمانەوێت پێداویستییەکانی هەمووان پڕبکرێنەوە".
جێمس جێفری باسی لەوەشکرد کە داوایان لە هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانان کردووە کە لە پشتیوانییەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا، بەردەوام بن و وەڵامی ئەرێنییان وەرگرتووە و سەبارەت بەو هێزانەی هاوپەیمانانیش کە لە وڵاتەکە دەمێننەوە گوتی:
"ئێمە هەوڵی درووستکردنی هێزی ئاشتی یان شتێکی هاوشێوە نادەین. داوا لەو سوپایانەی نێو هاوپەیمانان دەکەین کە بەردەوامی بدەن بە رۆڵیان لە پشتیوانییکردنی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی داعش لە سووریا و ئاستی پشتیوانییەکان بەزربکەنەوە و تا بڵێی بە ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام ئەرکی یەکەم بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و شکستپێهێنانی داعش. نەوەک ئەوەی لە بوونیان لە هەر ناوچەیەکی ئارامدا هەبێت".
- سەردەستەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی لە کوێیە، جێمس جێفری باسی لەوەکرد هێشتا نازانین ئەبوبەکر بەغدادی لە کوێیە و کوشتنی ناوبراو کاری لەپێشینەی ئەوانە.