Mücahit Aydemir
11 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2020
تەڕابلوس - AA
شاری بەنغازی کە لە دوای شاری تەڕابلوس-ی پایتەخت گەورەترین شاری لیبیا-یە لە ئێستادا لەژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی لیوا خەلیفە حەفتەردایە.
هەزاران کەس لە دانیشتوانی بەنغازی بەهۆی گرانی، دواکەوتنی مووچە و نەبوونی ئاو و کارەبا رژانە سەر شەقامەکان.
لەو گرتانەی راگەیاندنە ناوخۆییەکان و چالاکوانانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردوەتەوە ئەوە دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەران وێنەی حەفتەریان سوتاندوە و دروشمەکانی "شۆڕش، شۆڕش ئەی بەنغازی! سەروەت وسامانتان دزی و ئومێد نەما"، "دەمانەوێت یان بە شکۆمەندی بژین یان بە شکۆمەندی بمرین" و "پاڵاوگاکانی نەوت بکەنەوە"یان گوتووەتەوە.
شایەنی باسە لیوا خەلیفە حەفتەر پاڵاوگاکانی نەوت وەک کارتێکی فشار بەرامبەر حکوومەتی تەبایی نیشتیمانی لیبیا بەکاردێنێت و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا ئەو پاڵاوگەیانەی داخستوە کە دەکەونە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵییەوە.
بەرهەمهێنان و هەناردە کردنی نەوت نزیکەی سەدا ٩٠ی ئابووری لیبیا پێکدەهێنێت، بەهۆی داخستنی پاڵاوگەکانەوە لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا بڕی ١٠ ملیار دۆلار زیان بەر ئەو وڵاتە کەوتووە.