Bayram Altuğ,Mohammed Baqi Hussein
16 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2019
جنێڤ - AA
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند کە لە ئەنجامی پێكدادانەكانی تەرابلوسی پایتەختی لیبیادا، تا ئێستا لانیكەم 174 كەس كوژراون و 756ی دیكەش برینداربوون.
گوتەبێژی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، تارق جاسارەڤیچ لە ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ باسی لە رووداوەكانی لیبیا كرد كە دوای فەرمانی خەلیفە حەفتەر بۆ پەلاماردانی تەرابلوس سەریانهەڵداوە.
گوتەبێژەكە رایگەیاند کە لە ئەنجامی پێكدادانەكانی تەرابلوسدا تا ئەمڕۆ 174 كەس كوژراون كە 14یان مەدەنین و 756 کەسیش برینداربوون كە 36یان مەدەنین.
لە لایەكی دیكەوە بەپێی زانیارییەكانی ئۆفیسی هەماهەنگیی كارە مرۆییەكان سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، بە هۆی پێكدادانەكانی لیبیاوە، 18 هەزار كەسی مەدەنی ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و تا ئێستا شەش هەزاریان هاوكاریی مرۆییان پێگەیشتووە.
هاوكات سێ هەزار كۆچبەری نایاساییش كە لە ناوەندەكانی دەستبەسەریدا بەندكراون، بە هۆی پێكدادانەكانەوە لە دۆخێكی خراپدان.
لە چواری ئەم مانگەدا، ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دەستپێکرد و لە بەرامبەردا، رۆژی یەکشەممە حەوتی نیسان گوتەبێژی ھێزەکانی سەربە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا، عەقید محەمەد قنونو دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەژێرناوی "گڕکانی تووڕەیی" بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی خەلیفە حەفتەر راگەیاندبوو.
لەئێستادا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر و ھێزەکانی سەربە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لە دەورووبەری شاری تەرابلوس بەردەوامە.