Zana Natık Kerem
08 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2018
ترابلوس ــ AA
فەرماندەی ھێزەکانی لیبیا، خەلیفە حەفتەر کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی توبروک پشتیوانی دەکرێت، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی شاری درنە راگەیاند.
شاری درنە کە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی لیبیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی ئەنجوومەنی شورای موجاھیدی درنە دایە.
لە گوتەیەکدا، خەلیفە حەفتەر گوتی "کاتژمێری سفرمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری درنە راگەیاندووە، ھەروەھا داوامان لە ھێزەکانمان کردووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ھەوڵەکانیان زیاتر بۆ پاراستنی گیانی مەدەنی بخەنەگەڕ، جگە لەوەش داوامان لێکردوون کە رەوچاوی بنەماکانی شەڕ و یاسای نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل بکەن.
ماوەی چوار ساڵە ھێزەکانی خەلیفە حەفتەر شاری درنەیان گەمارۆداوە بۆ ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی ئەنجوومەنی شورای موجاھیدی درنە دەریبھێنن.
ھێزەکانی ئەنجوومەنی شورای موجاھیدی درنە لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ پێکھێنراوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ھێزەکانی حەفتەر ببنەوە.
سەبارەت بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری درنە، خەلیفە حەفتەر گوتی: "ئامانج لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، پاراستنی رێرەوی دیموکراتی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی شارەکەیە".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی خەلیفە حەفتەر و ھێزەکانی ئەنجوومەنی شورای موجاھیدی درنە روویدابوو کە لە میانیدا، حەوت سەرباز لە ھێزەکانی حەفتەر کوژران.