Ahmed A. H. Tolba Naela,Gülşen Topçu
09 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2020
بەیروت - AA
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان، سەعد حەریری، هۆشداریدا لەوەی کە رەنگە وڵاتەکەی راپێچی شەڕی ناوخۆ بکرێت.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەڤيزیۆنی تایبەتی ناوخۆیی، حەریری ئاماژەی بەوە کرد کە بە هۆی پڕچەککردنی شەقامەکانی بەیروت لەگەڵ بەعلەبەک و هەرمل و نمایشی سەربازییەکان، نیگەرانە لە داڕووخانی وڵات.
حەریری باسی لەوە کرد کە وڵات رووبەڕووی پەلکێشکردن بۆ شەڕی ناوخۆ بووەتەوە و، رایگەیاند: ''سەرچاوەی کێشەی لوبنان حزبوڵڵایە''.
حەریری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناخوازن ئەوەی بەسەر سوننەکانی سووریادا هات بەسەر سوننەکانی لوبناندا بێت و، رایگەیاند ''هەندێک منیان بە بێ توانا بینی. ئایا بینییان لە سووریا چی روویدا؟ سەدا ٨٥ی سوننەکان ئێستا لە کوێن؟ من نابمە هۆی ئەوەی لوبنانییەکان ئەو کێشانە بچێژن کە گەلی سووریا دەچێژێت''.
حەریری باسی لەوە کرد کە بەشار ئەسەد تاوانانێکی ئەنجامداوە کە هیچ کەسێک ئەنجامی نەداوە، ئەوەشی خستەڕوو کە پشتیوانی لە شۆڕشی ئاشتیانە دەکات لە سووریا.
- کشانی سنوورە وشکانیی و دەریاییەکان لەگەڵ ئیسرائیل
سەعد حەریری باسی لەو رێککەوتنەش کرد کە لەگەڵ ئیسرائیل پێیگەیشتوون بۆ دیاریکردنی سنووری وشکانیی و دەریایی و، رایگەیاند ''ئەوە شتێکی باش بوو بۆ لوبنان بەڵام پێویست بوو پێش سێ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێبکردایە''.
حەریری ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە هۆی سزاکانی سەر چەند کەسێکەوە قۆناغی دیاریکردنی سنوورەکان ئێستا دەستیپێکردووە، بەڵام ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکرد.
- کارەکانی پێکهێنانی حکوومەت
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان حەریری، ئاماژەی بەوەیش کرد کە خۆی کاندید نەبووەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە، بەڵام لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا لە دیداردا دەبێت بۆ ئەوەی پابەندبن بە چاکسازییەکانی سندوقی دراوی جیهانی و حکوومەتی تەکنۆکراتەوە.
هەروەها حەریری ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر پارتە سیاسییەکان رێکبکەون دەرگا لەبارەی سەرۆکایەتی وەزیران بە تەواوی داناخرێت.
حەریری باسی لەو تۆمەتانە کرد کە ئاڕاستە کرابوون لەبارەی دەستوەردانی لە کارەکانی پێکهێنانی حکوومەت لە لایەن موستەفا ئەدیبەوە و، گوتی: ''ئەرکم تەنیا ئەوەبوو کە ئەو (ئەدیب) هۆشیار بکەمەوە لەبارەی هەڵنەبژاردنی ئەو کەسانەی پارتە سیاسییەکان دەوروژێنێن''.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەیدا، حەریری باسی لەوە کرد کە دوای هەوڵەکەی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن وڵاتەکەی بەڕووی داڕووخانی ئابووریی و ناسەقامگیرییدا کرایەوە.
ماکرۆن هەوڵیدا حکوومەتێک پێکبهێنرێت کە چاکسازییەکان دژ بە قەیرانەکانی ئەو وڵاتە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و پاشانیش لە پاریس کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لوبنان رێکبخات.