Gülşen Topçu
13 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2019
بەیروت ــ AA
سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون رایگەیاند كە پاڵپشتی لە پێكهێنانی حكوومەتی تەكنۆكرات دەكات و جەخت لەوە دەکاتەوە كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا، جەنگی ناوخۆ لە لوبنان روونادات.
بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە سەرۆكوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری لە ٢٩ی مانگی رابردوو دەستی لەكار كێشایەوە.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی "MTV" میشێل عەون باسی لە پێشهاتەكانی لوبنان كرد و گوتی: "حكوومەتی تەكنۆكرات ناتوانێت سیاسەتی وڵات دیاری بكات، بۆیە لەگەڵ ئەوەدام كە حكوومەتی داهاتوو نێوەی سیاسی و نیوەكەی دیكەی تەكنۆكرات بێت".
خۆپیشاندەرانی لوبنان داوا دەكەن پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتێك كە وەزیرەكانی سەربە هیچ پارتێك نەبن، هەروەها هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و گەندەڵكارانیش سزا بدرێن.
سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون ئاشكراشیكرد كە ئەگەری هەیە سبەی پێنجشەممە یان هەینی، ئەنجوومەنی نوێنەران كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دەستنیشان بكات بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێ پێکبهێندرێت.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان كە لە ١٧ی مانگی رابردووە لوبنانی گرتووەتەوە، میشێل عەون گوتی: "سەرەتا داواكاری خۆپیشاندەران داواكاری ئابووری بوون، بەڵام دواتر گەیشتە سیاسی، زۆر ئاساییە كاتێك متمانە لە نێوان گەل و حكوومەت نەمێنێت، گەل دوای گۆڕینی حكوومەت بكات بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێ گوێ لە داواكاری گەل بكرێت و جێبەجێی بكات".
سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون باسی لەوەشكرد كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، باشكردنی رەوشی ئابووری و دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی، سێ خالی گرنگن كە دەبێت بۆ بنیاتنانی وڵات كاریان لەسەر بكرێت و گوتی: "سێ جار داوام لە خۆپیشاندەران كردووە كە پێكاوە لەپێناو چاكسازی كار بكەین و داواشم لیكردن لەو بارەوە یارمەتیم بدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكم لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە بەدەست نەگەیشتووە".
میشێل عەون لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە حزبوڵڵا كرد و گوتی: "حزبوڵلا لە ٢٠٠٦وە تا ئێستا پابەندە بە بڕیاری نێودەوڵەتی ژمارە (١٧٠١) و لە هیچ بابەتێكدا دەستوەرناداتە كاروباری لوبنان، جگە لەوەش گەمارۆیی ئابووری بەسەردا سەپێندرا كە هەموو لوبنانییەكانی گرتەوە لە پێناو ئەوەی رووبەڕووی یەكتر ببینەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەم لە سەردەمی دەسەڵاتی مندا جەنگی ناوخۆ لە وڵاتەكەماندا رووبدات".