Gülşen Topçu
05 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2020
بەیروت ــ AA
دوای تەقینەوەکەی بەندەری شاری بەیروت پایتەختی لوبنان، ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە، دوو هەفتە باری نائاسایی لە شارەکە راگەیاند.
دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون ئەنجامدرا، ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاردراوە تا ١٨ی ئاب بۆ ماوەی دوو هەفتە، باری نائاسایی لە بەیروت رابگەیەندرێت.
هەروەها ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا سوپا ئاسایشی بەیروت لەئەستۆ بگرێت، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، گومرکەکان، هێزە چەکدارەکانی بەندەر و فڕۆکەخانەکان، یەکەی پاسەوانە چەکدارەکان و ئاگرکوژێنەوەکان لەژێر چاودێری سوپادابن.
ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان هەروەها بڕیاری داوە بە ''دابینکردنی سندوقی هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکان بەمەبەستی دابینکردنی تێچووی بریندارەکان لە نەخۆشخانە، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، دابینکردنی گەنم بەهۆی ئەوەی سایلۆکان بە تەقینەوەکە زیانیان بەرکەوتووە، ئامادەکردنی بەندەری تەرابلوس بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییەکانی هەناردە و هاوردە، پێکهێنانی کۆمیسیۆنی باڵای هاریکاری بۆ هەماهەنگییکردن لەگەڵ سوپای لوبنان بۆ دیاریکردنی زیانەکان و ئەو کۆمیسیۆنە جێگەی مانەوە بۆ ئەو خانەوادانە دابین بکات کە خانووەکانیان وێرانبوون و بەکەڵکی بەکارهێنان نایەن و دانانی سندوقێکی تایبەت بۆ ئەو هاوکاریانەی لە وڵاتانی بیانییەوە دێن''.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، بەیروتی بە ناوچەی کارەساتبار راگەیاند.
بەیانی ئەمڕۆ سكرتێری گشتیی رێكخراوی خاچی سووری لوبنان، جۆرج كتانە رایگەیاند کە ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەكەی دوێنێی بەیروت گەیشتە، 100 كوژراو و چوار هەزار بریندار.