Hemın Othman Mohammed
05 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
لە شەڕو پێكدادانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا، ئەرمینیا 70 سەرباز و پێنج تانكی لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوێكدا كە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئازەربایجانەوە بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە كراوە كە بارگرژییەكانی بەرەكانی پێشەوەی جەنگ درێژەی هەیە و هێزەكانی ئەرمینیا شكستیان هێناوە لە هەوڵەكانیان بۆ گرتنەوەی بنكەكانیان، بۆیە یەكەكانی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بۆردومان دەكەن.
لەبەرامبەردا سوپای ئازەربایجان بۆردومانی ناوچەی ماگادیزی سەربە ناوچەی ئاغدەرەی كردووە و سەربازگەیەکی ئەرمەنییەكانی لەناوی بردووە.
هەروەها لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی بەرگری ئازەربایجاندا ئاماژە بەوە كراوە، كە لە شەڕو پێكدادانەكاندا پێنج تانك و پێنج ئۆتۆمبێلی پڕ چەك و تەقەمەنی سەربە هێزەكانی ئەرمینیا تێكشكێنراون و نزیكەی 70 سەربازیشیان كوژراون.
هاوكات لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بە كوژرانی 16 سەربازی ئازەربایجانی كراوە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا.