Qais Omar Darwesh Omar
05 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2023
نابلوس – AA
لە میانی ھەڵکوتانە سەر کەمپی بەڵاتە تایبەت بە پەنابەرانی فەڵەستین لە شاری نابلوس باکووری کەناری رۆژئاوا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، فەڵەستینییەک کوژرا.
کەناڵی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھێزەکانی سوپای داگیرکەر ھەڵیانکوتاوەتە سەر کەمپی بەڵاتە و خانوویەکەیان گەمارۆ داوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی ھەڵکوتانە سەر کەمپەکەدا، رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی چەکداریی روویداوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی رووبەڕووبوونەکەدا، سوپای ئیسرائیل گولـلەی راستەقینە و پلاستیکی، ھەروەھا بۆمبی فرمێسکڕێژی و دەنگی بەکارھێناوە کە بەھۆیەوە ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی بەناوی عامر ئەبو زەیتون تەمەن ١٦ ساڵ کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.
ناوە ناوە سوپای ئیسرائیل بە ئامانجی دەستگیرکردنی فەڵەستینییەکان، ھەڵدەکوتێتە سەر شار و شارۆچکەکانی فەڵەستین کە لە میانیدا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی چەکداریی لەنێوان فەڵەستینییەکان و سەربازانی ئیسرائیلدا، روو دەدات.
تا ئێستا سوپای ئیسرائیل ھیچ بەیاننامەیەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، چوار فەڵەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.