Moustafa Maged Haboosh,Ali Semerci,Said İbicioğlu
14 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2019
غەززە ــ AA
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا كە لە كۆتایی مانگی ئابی رابردوودا لە میانی رووماڵکردنی رێپێوانەكانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باكووری كەرتی غەززە و ئیسرائیل بە تەقە و بە گوللـەی پلاستێكی سەربازانی سوپای ئیسرائیل برینداركرابوو رایگەیاند:" كاتێك برینداركرام وامزانی شەهیدكراوم".
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا كە لە میانی رووماڵی خۆپیشاندانەكان لە لایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیلەوە بە گوللـەی پلاستێكی برینداركراوە.
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا لە ٣٠ی مانگی ئابی رابردوودا لە میانی رووماڵکردنی رێپێوانەكانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باكووری كەرتی غەززە و ئیسرائیل لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە بە گوللەی پلاستێكی تەقەی لێ دەكرێت و گوللەیەكی پلاستێكی بەر سەری دەكەوێت.
ــ ساتی برینداركردنی عەلی جادوڵڵا
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا باس لە ساتی برینداركردنی دەكات لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە و گوتی:"لەگەڵ تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو چووین بۆ ئەوەی رێپێوانەكانی گەڕانەوەی گەورە لە ناوچەی مەلیكە نزیك سنووری رۆژهەڵاتی شاری غەززە رۆماڵ بكەین و من ئەو کەلوپەلانەم هەڵگرتبوو كە نیشانی دەدا من فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانیم ".
عەلی جادوڵڵا گوتیشی: "دوای چەند خولەكێك بە گەیشتنمان بۆ ناوچەكە، خۆپیشاندەران گردبوونەوە و من لای خۆمەوە دەستم بە وێنەگرتن كرد و لەو كاتەدا هەستم کرد كە شتێك بە هێزی بەر سەرم كەوتووە و دواتر ئاگام لەخۆم نەماوە و كەوتەمە سەر زەوی".
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا ئەوەشی گوت:"هەر لەو كاتەدا هەستم دەكرد كە جەستەم پارچە پارچە بووە و هاورێیەكانم كاتێك هەڵیانگرتم وایان زانی شەهیدكراوم چونكە خوێنێكی زۆر لەسەرمەوە دەهاتە خوارەوە".
عەلی جادوڵڵا گوتی:"دوای ئەوە هاورێیەكانم منیان گواستەوە بۆ خاڵێكی پزیشكی مەیدانی بە شێوەیەكی بەرایی چارەسەرم وەگرت و دواتر بە ئەمبوڵانس گواسترامەوە بۆ كۆمەڵگەی پزیشكی شیفا لە رۆژئاوای شاری غەززە و ١٢ تەقەڵ سەریان دووریمەوە".
عەلی جادوڵڵا وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات هێشتا هەست بە ئازارێكی زۆر دەكات لە سەری و تەواوی جەستەی و بەردەوامیش هەست بەوە دەكات كە سەری دەسوڕێت و نانی پێ ناخورێت، جگە لەوەش هەر بە هۆی ئازاری سەرییەوە، ناتوانێت بنوێت.
ــ عەلی جادوڵڵا چوار جار لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە برینداركراوە
ئەوە یەكەمجار نەبوو فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا لە میانی رووماڵکردنی رێپێوانەكانی گەڕانەوەی گەورە بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل بریندار بكرێت، بەڵكو ئەوە چوارەم جاربوو كە لە میانی دوو ساڵدا برینداربکرێت.
ــ شاردنەوەی تاوانەكان
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی جادوڵڵا گوتی:"سوپای ئیسرائیل بە ئامانجی ئەوەی راستییەكان بشارێتەوە و نەگەیەندرێتە جیهان، رۆژنامەوانان و فۆتۆگرافەرەكان بەو جۆرە بریندار دەكات".
عەلی جادوڵڵا زیاتر لەوبارەوە گوتی:"رۆژنامەوانان بە هۆی ئەوەی هەوڵدەدەن تاوانەكانی سوپای ئیسرائیل بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی رێپێوانەكانی گەڕانەوەی گەورە بە بەڵگە بكەن و بگەیەننە جیهان، كە ئەوەش سوپای ئیسرائیل نایەویت رووبدات بۆیە بە بەردەوام رۆژنامەوانان دەكاتە ئامانج".
لە كۆتاییدا عەلی جادوڵڵا داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان تایبەت بە بەرگریكردن لە مافەكانی رۆژنامەوانان كرد كە كار بكەن بۆ سزادانی ئیسرائیل لەسەر ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە رۆژنامەوانان و هاووڵاتییانی فەڵەستین ئەنجامی دەدات.
پێشتر كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، میشێل باشیلێت رایگەیاندبوو كە ھێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل تەنھا لە ماوەی كۆتا شەش مانگی رابردوودا، ٣٠ رۆژنامەنووسیان لە كەرتی غەززە برینداركردووە.