Sarmand Hameed
13 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2019
غەززە - AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باکووری کەرتی غەززە و ئیسرائیل، ٥٥ خۆپیشاندەر برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە، لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە، ٥٥ خۆپیشاندەر برینداربوون.
بەپێی بەیاننامەکە، ٢٩ لە بریندارەکان بە گوللـەی راستەقینەی سەربازانی ئیسرائیلی بریندارکراون.
لە بەیاننامەکە هیچ وردەکارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستی بریندارەکان نەخراوەتە روو.
ئەمڕۆ ھەینی بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەى گەورە، هەزاران فەڵەستینی روویان لەو خیوەتانە کرد کە بە درێژایی سنووری نێوان رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل ھەڵدراون و لە پێنج شوێن کۆبوونەوە.
سوپای ئیسرائیل ئەو رێپێوانە کە بە ئاشتی بەڕێوەدەچێت سەرکوت دەکات و بە ھۆیەوە تاکو ئێستا دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و بریندارکراون.