Hamdi Yıldız
26 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2020
غەززە - AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ژمارەیەک ئامانجی بزووتنەوەی حەماس-ی لە باشووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئێدرئی راگەیەندراێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لەوەکردووە کە فڕۆکە جەنگییەکان ئیسرائیل لەمیانی زنجیرەیەک هێرشدا، ژمارەیەک ئامانجی بزووتنەوەی حەماس-یان لە باشووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە لەنێویاندا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کەرەسەتەکانی شەڕ، هەروەها کومەڵگایەکی سەربازی کە بۆ کاری هەواڵگریی بەکار دەهێندرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هێرشەکان لە وەڵامی ئەو بالۆنە سووتێنەرانەدا ئەنجامدەراون کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە حەماس بەرپرسە لەو بالۆنە سووتێنەرانەی کە لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن.
پێشتر پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەمیانی زنجیرەیەک هێرشدا، دوو ئامانجی بزووتنەوەی حەماس-یان لە خان یونس باشووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە لەوەی کە بۆردومانەکان زیانی گیانیان لێکەتووەتەوە یان نا.