Zana Natık Kerem
06 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2019
غەززە ــ AA
کەناڵی ئاسمانی ئەقسا سەربە بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، گرووپە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل گەیشتوون بە رێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
کەناڵەکە لە سەرچاوەیەک کە ناوی ئاشکرا نەکردووە بڵاویکردووەتەوە کە ئاگربەستەکە لە کاتژمێر ٠٤:٣٠ بە کاتی خۆجێی چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
لای خۆیەوە گوتەبێژ بەناوی لیژنەی بەرگری میللی لە غەززە، ئەبو موجاھد بریم پشتڕاستیکردەوە، ھەوڵەکانی میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکەتووبوون بۆ گەیشتن بە ئاگربەست کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ھاوکات دەستەی فەرمی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە پێشڤەچوون لەو دانوستانانە بەدیھاتووە کە لە قاھیرە بە سەرپەرشتی میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە بەڕێوەدەچێت.
لای خۆیەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە لەئێستادا رەوشی کەرتی غەززە ئارامە و دەنگی ھیچ تەقە و تەقینەوەیەک نابیسترێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دوو رۆژ لەمەوبەر دوای ئەوەی لە ئاکامی پەلامار و تەقەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر خاڵێکی سەربازیی حەماس خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیاندا لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باکووری کەرتی غەززە و ئیسرائیل، چوار فەڵەستینی کوژران و ٥١ی دیکەش برینداربوون، ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی لایەنە فەڵەستینییەکان، دەستیانکردبوو بە ئاراستەرکردنی مووشەک بۆسەر ئیسرائیل و لە بەرامبەردا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پەلاماری کەرتی غەززەیان دا.
بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە میانی دوو رۆژی رابردوودا لە ئاکامی پەلامارەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون بەرزبوویەوە بۆ ١٧ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٠٥ کەس.
ھەر لە میانی پەلاماردانی کەرتی غەززدا لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆردومان کرا.