Haydar Hadi
27 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2018
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە بەمەبەستی پاراستنی دۆخی ئاسایشی شنگال، ھێزی سەربازیی زیاتریان رەوانەی ناوچەکە کردووە و رێگەش نادەن جگە لە ئاڵای عێراق ھیچ ئاڵایەکی دیکە لەو شارۆچکەیە ھەڵبکرێت.
عەبادی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا کە لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری بەغدا سازی کرد، رایگەیاند کە (رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە) لە شنگاڵ کشاوەتەوە و بۆ پاراستنی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە، ھێزی سەربازیی زیاتریان تا سنووری سووریا رەوانەی ناوچەکە کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "رێگە نادەین لەوێ(شنگال) ھیچ ھێزێکی بیانی بەدەر لە ھێزە عێراقییەکان بوونیان ھەبێت و جگە لە ئاڵای عێراق ھیچ ئاڵایەکی دیکەش ھەڵبکرێت. بەپێی دەستووری وڵاتەکەمان رێگە نادەین ھیچ ھێزێک، خاکی ئێمە بۆ ھێرشکردنە سەر دراوسێکانمان بەکار بھێنێت".
عەبادی باسی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە کرد کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم ئەنجامی داوە، و گوتیشی: "سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان رێز لە سنوور و سەروەری خاکی عێراق دەگرن".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەبارەی ھەبوونی ھێزی بیانی لە عێراق گوتی: "ھیچ ھێزێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق بوونی نییە. ھاوکات چاودێری بنکە سەربازییە بیانییەکانیش لە عێراق لەدەست ھێزە ئەمنییەکانی ئێمە دایە. بۆ مەشق و ھاوکاری لۆجیستیکی ھێزەکانمان پێویستمان بە راوێژی ھێزی بیانی ھەیە".