Kosar OSMAN
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە نامەیەکیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی وردەکارییەکانی ئەو هێزەی تورکیای روونکردووەتەوە و نووسیوێتی کە ئەو هێزە لە ئازاری ساڵی رابردووەوە لە بەعشیقە بە مەبەستی راهێنانی سەربازی نیشتەجێن.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی ناوبراو داودئۆغڵو لە نامەکەدا نووسیوێتی: "تورکیا زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و تەنانەت کەمترین زیان بە فەرمانڕەوایی و سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە ناگەیەنێت".
داودئۆغڵو هەروەها جەختیکردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی کێشەی نێوانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق چارەسەر دەکەن و ئەو گرژی و حەساسیەتەی بەغدا دادەمرکێتەوە، هیچ هێزێک بۆ بەعشیقە نانێرن. ئەوە لەکاتێکدایە کە داودئۆغڵو پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دووپات کردووەتەوە.
لەکۆتاییدا داودئۆغڵو بە پێویستی زانیوە کە رێ بەو لایەنانە نەدرێت کە دەیانەوێ پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا کۆتایی پێبێنن و بەم گرژیانە ئاسوودە دەبن.