Rewa Mahmut Hasan
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2015
لەچوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا، ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە رەوانەكردنی چەكی میلان بۆ هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە روونكردنەوەیەكیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لەچوارچێوەی یارمەتیەكانی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چەكی میلان رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەبڕی ئەو چەكانە نەكراوە كە لەجۆری میلان بڕیارە رەوانەی هەرێمی بكەن و ئاشكرایان كردووە كە تا ئێستا گفتوگۆكان لەو بارەیەوە بەردەوامە.
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئورسولا ڤۆن دەرلایەن رایگەیاند "چەكی میلان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە زۆر گرنگە، بۆ یەكەمجار پێشمەرگە لە رێگەی چەكی میلانەوە توانی زیاتر داعش لە سنورەكانی خۆی دوور بخاتەوە. ناوبراو ئاشكرای كرد كە تائێستا ٦٠ چەكی میلان و نزیكەی هەزار پارچە تەقەمەنی ئەو چەكە بۆ پێشمەرگە رەوانە كراوە".
مانگی شوباتی رابردوو ئەڵمانیا رایگەیاند كە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی داعش، بری ١٣ ملیۆن یۆرۆ یارمەتی سەربازی رەوانەی پێشمەرگە دەكەن. لە ئەیلوول و تشرینی دووەمی رابردوودا بە بڕی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ یارمەتی چەك و تەقەمەنی بۆ هەرێم رەوانە كرا و ٣٢ پێشمەرگە لە هەرێمی باڤاریا مەشقیان پێ كرا.