هەولێر
راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، حەیدەر عەبادی، دەیەوێ پۆستەكانی وەزارەتی دەرەوە بۆ كەسایەتییەكی عەرەبی شیعە و وەزارەتی بەرگریش بۆ كەسایەتییەكی عەرەبی سوننە بێت.
لە چەند میدیایەكی عەرەبی عێراقی دا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە گوایە هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق لە كابینەی تازەدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران لەبری پۆستی وەزارەتی دەرەوە كە ئێستا بەڕێوەی دەبات، وەربگرێ، هاوكات هەریەكە لە خەسرەۆ گۆران و خالید شوانی كاندیدن بۆ وەرگرتنی دوو پۆستی دیكەی سیادی لە حكومەتی تازەی عێراق .
كوتلەی چاكسازی نیشتیمانی كە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكایەتی دەكات. ئاشكرای كرد، كە راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، حەیدەر عەبادی دەیەوێ پۆستەكانی وەزارەتی دەرەوە بۆ كەسایەتییەكی عەرەبی شیعە و وەزارەتی بەرگریش بۆ كەسایەتییەكی عەرەبی سوننە بێت و ئەم داخوازیەش لە دەستپێكی داواكارییەكانی عەبادی دەبێت، كە وا بڕیارە لە ماوەیەیكی نزیكی داهاتوودا لە گەڵ لایەنەكانی براوەی هەڵبژاردن لەسەر مێزی دانووستان، گوتوبێژی لەسەر بكات.
خسرۆ گۆران سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "بەفەرمی لایەنی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و دیاریكردنی ناوەكان نەكردووە و ئەمانەی دەگوترێ تەنها قسەی راگەیاندنە."
خسرەو گۆران گوتیشی: "تا ئێستا دانووستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستیپێنەكردووە و هیچ شتێكی فەرمیش لەو باریەوە رانەگەیەندراوە. زۆر قسە دەكرێن بەڵام زۆربەیان بۆ راگەیاندنن.
سەبارەت بەئەگەری هاتنی شاندی بەغدا بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بۆ هەولێر و دەستپێكردنی دانووستانەكان بۆ یەكمجار لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "لەوباریەوە قسە نەكراوە و هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە كە لەماوەیەكی نزیكی داهاتوودا حەیدەر عەبادی بێتە هەولێر و ناوهێنانی ئەم و ئەو بۆ وەرگرتنی پۆستەكان لەبەغدا دوورە لەراستی، چونكە هەموو داواكارییەكان لە سەر مێزی دانووستانەكان دەخرێنە روو تا ئێستاش ئەمە نەبووە."
ماوەی هەشت ساڵە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەلایەن هۆشیار زێباری كە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانییەوە نزیكە، بەڕێوەدەچێ. بەو پێیەی كورد كە لە ١٧% عێراق پێكدێنن، هەر بۆیەش بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا پێیان وایە كە باشترە ئەو پۆستە لەلایەن كەسایتییەكی عەرەبەوە بەڕێوەبچێت.