Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
17 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2016
بەغدا
سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەرعەبادی رایگەیاند کە ھێزە عێراقییەکان ناوەندی شاری فەللوجەیان کۆنترۆڵکردووە و ئامانجی داھاتووش ئازادکردنی شاری مووسڵ دەبێت.
عەبادی لە کەناڵی فەرمی دەوڵەت رایگەیاند کە سوپای عێراق ناوەندی شاری فەللوجەی کۆنترۆڵکردووە و لە چەند سەعاتێکی داھاتووش چەند خاڵێکی دیکەی ئەم شارە لەدەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەردەھێنن.
عەبادی ئاماژەی بەوە دا کە فەللوجە گەڕاوەتە باوەشی وڵات. گوتیشی: " ئامانجمان پاراستنی پیرۆزییەکانی دانیشتوانی فەللوجەیە. ھاوکات پاراستنی ئاسایشی خەڵکی فەللوجەیە. فەرمانمان بە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان داوە بۆ پاراستنی سامانی خەڵکی فەللوجە".
عەبادی وتەکانی ئاراستەی داعش کرد و گوتی: "ئێوە جێگەتان لە عێراق نییە. بۆ ئەنجامدانی ھەر تاوانێک سزا دەدرێن. عێراقییەکان لە دژی ئێوە یەکگرتوون. بۆ دەرکردنی کۆتا ئەندامی داعش ئامانجی داھاتوومان شاری مووسڵە".
هێزەكانی سوپای عێراق، پۆلیس، حەشدی شەعبی و چەكدارانی ھۆزەکانی سوننە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە لە رێککەوتی ٢٢ی ئایار ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردبوو.