Saad Hawrami
16 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2016
هەولێر
دوای ئەوەی كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئیقالەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد، بڕیارە ئەمڕۆ دەستەی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەشواق جاف دەڵێت "ئەگەر نیسابی یاسایی تەواو بێت ئەوە دەبێت جارێكی دیكە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستا ئیقالە بكەن و پاشان دەستەی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێرن، چونكە لە كۆبوونەوەی پێشوودا كە ئەو كارەیان كرد نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو نەبوو و تەنیا ١٣١ ئەندام پەرلەمان بەشدار بوون و بەوەیش پرۆسەكە شەرعیەتی نابێت".
لە ناو ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەن، هەریەك لە عادل نوری لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و تاڤگە ئەحمەد . عادل نوری دەڵێت "هەرچەندە نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێك لە ئەندامانی پەرلەمان چوونەتە دەرەوەی پەرلەمان و لەكاتی گەڕانەوەیان هێزەكانی عەبادی پشكنینێكی زۆر دەكەن، بۆیە چاوەرێی ئەوان دەكەین تاوەكو بگەڕێنەوە و دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرین".
- كورد بەشداری ناكات
لە ترسی سەرهەڵدانی هەر توندوتیژییەك لە ناوچەی سەوز و لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق، هێزێكی زۆری ئەمنی لە ناوچەكە جێگیر كراوە و ئەشواق جافیش بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوت "بارودۆخی پەرلەمانی عێراق باش نییە و لایەنە كوردییەكانی بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمان ناكەن و بەپێی ئەو زانیارییەش كە هەمانە پێش ئەوەی كە هەر كەسێك بچێتە ناو پەرلەمان لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە دەپشكێنرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات كە ئەوان هەر پێنج لایەنە كوردییەكە بڕیاریان داوە كە نەچنە ناو هۆڵی پەرلەمان، چونكە پێیان وایە گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت و زانیاریشیان هەیە كە رەنگە چەك ببرێتە ناو پەرلەمانەوە.
سەبارەت بە بەشداری كردنی هەردوو پەرلەمانتاری كورد تاڤكە ئەحمەد لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و عادل نوری لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، ئەشواق جاف گوتی: "حزبەكانیان دەڵێن ئێمە پێمان راگەیاندن كە بەشداری كۆبوونەوەكە نەبن".
سەبارەت بەو نیگەرانیانەی كە هەیە لەسەر بەشداری كردنی ئەو دوو پەرلەمانتارە كوردە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق عادل نوری گوتی: "من بە نوێنەرایەتی گەل هاتوومەتە ئێرە".
- پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان هێزە عێراقیەكاندا هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە كراوە، پۆستی سەركۆمار بۆ كورد و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ كورد دەبێت.
هەرچەندە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەڵێن هەركەسێك بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكرێت دەبێت لایەنی كوردی دیاری بكات بەڵام ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت "ئێمە دوو كورد بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمانمان كردووە، من و تاڤگە ئەحمەد كە لە كاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیدا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە بەشی كوردە بۆیەكێك لە ئێمە دەبێت".
- رووداوەكان لە ئەستۆی عەبادی دایە
هەڕەشەكانی سەرۆكی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر و ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی عێراق و دانانی ماوەی ١٠ بۆ عەبادی بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە حكوومەتەكەیدا بكات و حكوومەتێكی تەكنۆكرات دابمەزرێنێت وایكرد كە دەرفەت لە بەردەم لایەنەكان نەبێت كە لەگەڵ عەبادی كۆببنەوە و كاندیدی خۆیان بۆ پۆستە وەزارییەكان دابنێن و لە ئێستاشدا كار گەیشتووەتە ئەوەی كە پەرلەمان ئیقالەی سەرۆكوەزیران بكات.
ئەشواق جاف دەڵێت "سەرچاوەی سەرەكی ئەم هەموو رووداوانەی كە روو دەدەن حەیدەر عەبادییە، چونكە عەبادی شەفاف نەبوو لەگەڵ هێزە سیاسیەكان و كاتێكی زۆریشی كوشت لەسەر گۆڕینی كابینەكەی و نەیتوانی لەكاتی خۆیدا كاندیدەكان بۆ كابینەكەی دیاری بكات".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ نیسابی یاسایی تەواو بێت و دەستەی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت ئەوا حەیدەر عەبادی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتنی پەرلەمان دەكەن و ئەگەر ئامادەش نەبوو ئەوە بە غیابی ئیقالەی دەكەن وەك چۆن ئیقالەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد".
ئەشواق جاف گوتیشی: "پەرلەمان دەتوانێت بەدوو شێوە ئیقالەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بكات، شێوەی یەكەم لە رێگەی سەرۆكی كۆمارەوە كە داوا دەكات ئیقالەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و ئەوانیش دەنگی لەسەر دەدەن، كە ئەوە نەكرا و سەركۆماری ئامادەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نەبوو. شێوەی دووەمیش كۆكردنەوەی ٥٠ واژۆیە بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت و پاشان ئیقالەی بكەن كە ئەوان ئەو رێگە یاساییەیان تەواو كردووە و ٥٠ واژۆیەكەیان كۆكردوەتەوە".
عادل نوری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "گرنگترین پرس ئەوەیە كە ئەمڕۆ دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێررێت و كۆبوونەوەكانی پەرلەمان ئاسایی ببنەوە ئەو كاتە حەیدەر عەبادی بانگهێشتی پەرلەمان دەكەن".
- پشكی كورد لە كابینە نوێیەكەی عەبادی
بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان كورد و شیعە و سوننەدا كراوە پێویستە كورد رێژەی ٢٠٪ی پۆستەكانی عێراقی هەبێت، بەڵام لایەنی كوردی هەمیشە ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە مافی كورد لە پێدانی پشكەكانیدا پێشێل كراوە و زۆر لەوە كەمتری پێدراوە.
ئەشواق جاف دەڵێت "لایەنی كوردی لە بەغدا لە كابینە نوێیەكەی عەبادی سێ وەزارەتی دەبوو، بەڵام كورد رێككەوتنی تەواوی لەگەڵ عەبادی نەكرد، چونكە شەڕی كورد لە بەغدا شەڕی ئەو سێ پۆستە نییە و ئێمە شەڕی ئەو خاڵانە دەكەین كە عەبادی لە كارنامەی خۆیدا دایناوە و لە پەرلەمان پەسەند كراوە دەربارەی مافەكانی كورد لە عێراق و گوتیشی: "ئەگەر عەبادی خاڵەكانی كورد جێبەجێ بكات ئەوا ئێمە رێككەوتنی لەگەڵ دەكەین و ئەگەر جێبەجێشی نەكات ئەوا كوردیش دەچێتەوە ئەو بەرەیەی كە دەیەوێت ئیقالەی عەبادی بكات".
- ئیقالە كردنی سەركۆمار
لە حاڵەتێكدا ئەگەر دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا و ئیقالەی سەرۆكوەزیرانیش كرا، ئایا پەرلەمان دەتوانێت ئیقالەی سەركۆمار بكات، ئەشواق جاف گوتی: "لەیەك حاڵەتدا پەرلەمان دەتوانێت ئیقالەی سەركۆمار بكات ئەویش كاتێك كە خیانەتی گەورەی كردبێت و ئەو سوێندەی كە خواردوویەتی بیشكێنێت و ئەوەیش دەبێت دادگای فیدراڵی بیسەلمێتێت كە سەركۆمار خیانەتی گەورەی كردووە و سوێندەكەی شكاندووە ئەو كات پەرلەمان دەتوانێت ئیقالەی بكات ئەگینا لە هیچ حاڵەتێكی دیكەدا ناتوانێت ئەو كارە بكات".