Sarmand Hameed
07 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، ئێریک شوڤالییێ تاوتوێی بەستنی دووەمین لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشییان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازیی کرد لە ئێریک شوڤالییێ.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن و ئێریک شوڤالییێ باسیان لە پرسە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و پاریس کردووە کە دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، دیارترینیان بەستنی دووەمین لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشی بە پاڵپشتی فەڕەنسا، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئاڵنگارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان، و جەختکردنەوە لە رۆڵی کاریگەری عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
ھەر لە دیدارەکەدا باس لە ھەماھەنگی ھەڵوێستەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا لە بارەی پرسە نێودەوڵەتیی و ناوچەییەکان کرا لە میانی ٧٧ ھەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ بە بەشداریی سەرۆک، وەزیرانی دەرەوە و نوێنەری وڵاتانی، تورکیا، ئێران، سعوودیە، ئوردن، کوێت، ئیمارات، قەتەر، میسر و فەرەنسا، لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.