Laith Al-jnaidi,Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2022
عەممان – AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە وڵاتەکەی پابەندە بەوەی رێگانەدات، خاکەکەی لەلایەن هیچ رێکخراوێکەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت.
دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و وەزیری دەرەرەی میسر، سامح شوکری لە عەممان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ساز کرا.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دەستوەردانە دەرەکییەکان گوتی: "دەستوەردانە دەرکییەکان لەلایەن وڵاتانەوە لە عێراق زۆربوون، لەئێستادا لە گفتوگۆی بەردەوام داین لەگەڵ ئەو وڵاتانە".
گوتیشی: "پابەندی دەستوورییمان هەیە، لەوەی رێگانەدەین هیچ رێکخراوێک، خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنێت".
فوئاد حوسێن لەبارەی بەستنی کۆنگرەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشیی گوتی: "یەکەمین کۆنگرە بۆ پاڵپشیکردن لە عێراق بەسترا کە تورکیا و ئێران تیایدا بەشداربوون و پێشبینی دەکەین لە کۆنگرەی داهاتوویشدا بەشداری بکەن".
"شامی نوێ" ناوی پڕۆژەیەکی هاوکاری عەرەبییە کە عێراق، ئوردن و میسر لەخۆدەگرێت و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی ئابووریی و سیاسیی نێوان ئەم وڵاتانە کە دەکەونە دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بنیاتنراوە.