Safvan Allahverdi,Muhammet Ali Kemal
10 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2019
واشنتۆن - AA
دانوستانەکانی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و ئەندامە بە ئەزموونەکانی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس سەبارەت بە دووبارە دەستبەکاربوونەوەی حکوومەت بێ ئەنجام کۆتاییهات.
لەوبارەیەشەوە دۆناڵد ترەمپ لێدوانی سەبارەت بە داخستنی حکوومەت دا.
ترەمپ رەخنەی لە دیموکراتەکان گرت کە دژی دابینکردنی پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارن لە بوودجەدا بۆ بنیاتنانی دیواری سەر سنووری مەکسیک و جەختی لەوەکردووەتەوە دان بەوەدا دەنێت کە بیرۆکەی درووستکردنی دیوارەکە "رێکارێکە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ماوەتەوە، بەڵام سوودی هەیە".
ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ هەریەک لە سەرکردەی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، چەک شۆمەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، نانسی پێلۆسی کۆبوویەوە.
سەبارەت بە دانوستانەکان، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەرەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە "کەمێک بەر لە ئێستا لە کۆبوونەوەیەکی بەهەدەردانی کات لەگەڵ چەک و نانسی، هاتمە دەرەوە. ئەوەم لێپرسین کە ئەگەر بێت و بەخێرایی (حکوومەت) بکەمەوە، لە ماوەی ٣٠ رۆژدا چی دەبێت و ئایا ئەوان ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند دەکەن یان نا کە بنیاتنانی دیوار یان بەربەستی ئاسنین لە چوارچێوەی ئاسایشی سنوورەکاندا، لەخۆدەگرێت. نانسی گوتی 'نەخێر'. منیش گوتم 'خواحافیز'. رێگەی دیکەی نییە ئەم کارە".
لای خۆشییەوە چەک شۆمەر سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، ئاماژەی بەوەکردووە دوای ئەوەی کە ترەمپ ئەوەی لەوانی دەویست بەدەستی نەهێنا، کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە و رایگەیاند "ئەمە ستەمکارییە. ئەمە دڵڕەقییە. ئەمە بەکارهێنانی ملیۆنەها مرۆڤی بێتاوانە وەک بارمتە و هەڵەیە".
هەروەها نانسی پێلۆسی ترەمپی بە "سەرۆکە چەوتەکەی ئەمریکا" ناوبردووە و رایگەیاندووە "(ترەمپ) کۆبوونەوەکەی تێکدا. دیموکراسی بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت".
هاوکات ترەمپ بەڕێوەبەرایەتیی دارستانەکانی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، نانسی پێلۆسی نوێنەرایەتیی دەکات، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکان کە زیانی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لێکەوتەوە، تۆمەتبارکرد و هەڕەشەی بڕینی هاوکاریی دارایی ویلایەتەکەی کرد.