Davit Kachkachishvili
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2022
مایکۆڵایڤ - AA
خەڵکی شاری مایکۆڵایڤ، هەوڵ دەدەن لە شارەکەدا کە کەوتووەتە بەر هێرشی هێزەکانی رووسیا و زیانی گەورەی بەرکەوتووە، درێژە بە ژیان بدەن.
بینا و باڵەخانە گشتییەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ناوەندی شارەکەدا کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە ناوچەی خێرسۆن کە پێکدادانی توندی لێ بەردەوامە دوورە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە خاپوور کراون.
مایکۆڵایڤ کە "شارە بەندەرییەکە" ناسراوە و کەوتووەتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و ئەو مووشەکانەی لە دەریای رەشەوە هەڵدراون، ماوەی دوو مانگە بەدەست کێشەی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنێت.
دوای ئەوەی هێزەکانی رووسیا ئەو بۆرییەیان تەقاندەوە کە ئاوی خواردنەوە لە حەوزی ناوچەی خێرسۆنەوە بۆ مایکۆڵایڤ دەگواستەوە لە دوو مانگی رابردوودا لە رێگەی تانکەری تایبەتەوە ئاو بەسەر خەڵکی سڤیلدا دابەشکراوە.
نۆرەگرتنی خەڵک بۆ وەرگرتنی ئاوی خواردنەوە لە تانکەرەکانی ئاو کە لەسەر شەقامە جیاوازەکانی شارەکە وەستاون، بووە جێگەی سەرنج.
شارەکە کە بەهۆی هەڵکەوتەکەی لە دەریای رەش، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئۆکرانیا ، ١١٠ کیلۆمەتر لە شاری ئۆدێساوە دوورە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٥٠٠ هەزار کەسە، تەنها نزیکەی ٢٦٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی شەڕەوە لە شارەکە ماونەتەوە.
- رۆژانە هێرشی مووشەکیی دەکرێتە سەر شارەکە
گوتەبێژی سەربازیی هەرێمی مایکۆڵایڤ، دمیترۆ پلێنتچوک رایگەیاند، مەترسی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا هەموو رۆژێک بەردەوامە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکەدا، سوپای رووسیا هێرشی کردووەتە سەر شارەکە و زیانی گەورەی بە شوێنە ستراتیجییەکانی وەک فڕۆکەخانەکان گەیاندووە.
دمیترۆ پلێنتچوک بە ئاماژەدان بەوەی کە سەربازانی رووسیا لەلایەن سوپای ئۆکراینا بەرپەرچدراونەتەوە، گوتی: "هێزەکانی رووسیا بۆ دواجار کشانەوە بۆ خێرسۆن".
گوتەبێژی سەربازیی هەرێمی مایکۆڵایڤ، دمیترۆ پلێنتچوک ئاشکراشی کرد کە سەرەڕای کشانەوەی سەربازانی رووسیا لە ناوچەکە، رووسیا بەردەوامە لە هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر شارەکە و تەواوی ناوچەکە، گوتیشی: "ئەوان لەڕێگەی فڕۆکەوە هێرش دەکەنە سەرمان".
گوتیشی: "لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا تەنها ٢١ رۆژە شاری مایکۆڵایڤ بۆردومان نەكراوە، جگە لەوەش هەمیشە هێرشی مووشەكیی هەیە".
- هەرچەندە ماڵەکەی وێران بووە، بەڵام نایەوێت شارەکە بەجێبهێڵێت
ڤیتالی كوركچی (تەمەن ٥٩ ساڵ) كە لە داروپەردووی شوققەیەكدا لە هەوڵی كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانیدا بوو، باسی لە رووداوەکان کرد.
ڤیتالی کورکچی بە ئاماژەدان بەوەی کە نزیکەی کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی دوو مووشەک لەلایەن هێزەکانی رووسیا ئاراستەی شارەکە کراوە، گوتی: "یەکەم مووشەک بەر ناوچەیەکی نزیک کەوت و ئەوی دیکەشیان بەر ئەو شوققەکە کەوت کە تیایدا دەژین".
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو کە بە تەنیا لەو شوێنە ماوەتەوە، چونکە خێزانەکەی بەهۆی شەڕەوە چوونەتە ئەڵمانیا و گوتی: "ماڵەکەم بە کەڵکی ژیانکردن نەماوە، هەوڵدەدەم ئەو کەلوپەلانەی کە ماونەتەوە کۆبکەمەوە".
ڤیتالی کورکچی ئاماژەی بەوە دا کە دەچێتە ماڵی براکەی و بۆ ماوەیەک لەوێ دەژیت و گوتی: "من هیچ شوێنێکم نییە بۆ مانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش نامەوێت ئەم شارە بەجێبهێڵم".