Dmitri Chirciu
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2022
هانۆی - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە خۆرئاوا بەرپرسیارە لە مردنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە دۆنباس و ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا.
سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی سەردانیدا بۆ هانۆی پایتەختی ڤێتنام لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڤێتنام، بوی سان سۆن وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ڤێتنام کرد و گوتی: ''بازرگانی بەرامبەریی کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە سنووردارکرابوو، سەرەڕای سزا نایاساییەکان، بەڵام لە ساڵی رابردوودا یەک لەسەر چوار گەشەی کردووە و ئەوەش لە مانگەکانی یەکەمی ساڵدا بەشێوەیەکی سەقامگیر بەردەوامە''.
سێرگی لاڤرۆڤ باسی لە بابەتی هێرشەکان کرد بۆسەر شارەکانی بێلگۆرۆد و کورسک-ی رووسیا و هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوانەکانی حکوومەتی ئۆکراینا کرد کە دەڵێت ''سوپای رووسیا بۆ راگرتنی ئەو چەکانەی لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە رەوانەی ئۆکراینا دەکرێت هێرش دەکاتە سەر شارەکانی خۆی'' و گوتی: ''ئەوانە درۆ دەکەن. راستییەکان لەو بارەیەوە دەزانرێت و رۆژانە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاودەکرێتەوە''.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ گوتیشی: ''دەبێت خۆرئاوا هەست بەوە بکات و بزانێت کە بەرپرسیارە کە مردنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەی دۆنباس و ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا. ئەو چەکانەی خۆرئاوا دابینی دەکات، حکوومەتی کیێڤ وەک ئامرازی تۆقێنەر دژبە خەڵکی مەدەنی بەکاری دەهێنێت. ئەو دەوڵەتە تیرۆرە''.