Hawkar Yaseen
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردنیی ھاشمی، عەبدولمونعم عۆدات و شاندێکی یاوەری.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق و جێگرانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری کاروباری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئوردن لە عێراق ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن و چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و "ھەردوولا پەیوەندییەکانیان بە مێژوویی لە قەڵەم دا".
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان "شاندی ئوردنی بەردەوامیی پشتگیریی شا عەبدوڵڵا و شانشینی ئوردنیی ھاشمییان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و پێزانینیان بۆ رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش دووپات کردەوە، بە بایەخەوە باسیان لە رۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و سەقامگیری کرد".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە "لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی شا عەبدوڵڵای دووەم و ئوردنی لە هەرێمی کوردستان چ لە سەردەمە سەختەکانی رابردوو و چ لەئێستادا دووپات کردەوە و خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە ھەموو بوارەکانی پەیوەندیی لەگەڵ ئوردن نیشان دا".
بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "دۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە بوارەکانی ھاریکاری و ھاوبەشی، ھەڵبژردانەکانی داھاتووی عیراق، مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەتای کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، دەرفەتی کار و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان گفتوگۆیان لەسەر کراوە".