Hawkar Yaseen
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2021
هەولێر AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، سوزوکی کۆتارۆ.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی ژاپۆن ستایشی ھەرێمی کوردستانی کردووە کە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، جەختیشی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و بەردەوامبوونی پشتیوانیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە تایبەتی برەودان بە وەبەرھێنانی ژاپۆنیی لە ھەرێم.
راشیانگەیاندووە "باڵیۆزی ژاپۆن سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو ھاوکاریی و ئاسانکارییەی پێشکەشی ئاژانس و رێکخراوە ناحکومییەکانی ژاپۆن کردووە لە ھەرێم".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان دووپاتیشیکردەووەتەوە کە حکوومەتی ھەرێم پێشوازی لە پەرەپێدانی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆن دەکات.
راشیگەیاندووە لە دیدارەکەدا کە بەرپرسی نووسینگەی کۆنسولگەریی ژاپۆن لە ھەولێر، ناگایاما نۆشیکۆ ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە بەبۆنەی تەواوبوونی کار و ئەرکەکانی لە ھەرێمی کوردستان.