Hakan Çopur
24 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2025
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی، جۆ بایدنی تۆمەتبار کرد لە بارەی دەستپێکی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و، ڕایگەیاند: ''بایدن بە ڕێگە دان بە دەستپێکردنی ئەم جەنگە کارێکی ترسناکی کرد. نەدەبوو ئەم جەنگە دەستپێبکات''.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، ترەمپ باسی لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا کرد و ئاماژەی بەوە کرد پێویستە هەرچی زووە جەنگەکە بوەستێت.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە سەدان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون و، ڕایگەیاند: ''ئەمە جەنگێکە پێویست بوو سەرهەڵنەدات. بایدن بە ڕێگەدان بەم جەنگە کارێکی ترسناکی کرد. نەدەبوو دەستپێبکات''.
هەروەها ترەمپ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتینی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا و، ڕایگەیاند: ''نەدەبوو پوتین ئەمە بکات. ئیدی پێویستە ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت. ڕووسەکان ٨٥٠ هەزار و ئۆکراینییەکان ٧٠٠ هەزار سەربازیان لەدەستداوە''.
ترەمپ هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ڕووسیا لەسەر مێزی دانوستان دانەنیشێت، ئەوا سزای جددی و باجی گومرگی بەسەردا دەسەپێنێت و، گوتی: ''نامەوێت ئەمە بکەم، گەلی ڕووسیا گەلێکی گەورەیە، ڕووسەکانم خۆشدەوێت، بەڵام دەبێت جەنگ کۆتایی پێبێت. (سەرۆکی ئۆکراینا ڤۆلۆدیمێر) زێلێنسکی ڕێککەوتنی دەوێت''.
دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئیدارەکەی بایدن کاریگەری هەبووە لەسەر درێژەکێشانی جەنگی ئۆکراینا بەو ڕادەیە و، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر ئەوەندە چەکیان نەدایە بە ئۆکراینا دەکرا ئەم جەنگە پێشتر تەواو ببێت.