Ahmet Dursun
05 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن سەبارت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی دەستی پێکردووە و نزیکەی ٥٠ رۆژە بەردەوامە گوتی: "ئێران ئازاد دەکەین".
بایدن لە گوتارێکیدا لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکییەکی پارتی دیموکرات کە بەر لە هەڵبژاردنە فەرعییەکانی ٨ی تشرینی دووەمی کۆنگرێس کە لە کالیفۆرنیا رێکخرابوو، باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کرد.
جۆ بایدن لە کاتی گوتارەکەیدا لەسەر نیشاندانی پەیامی "ئێرانێکی ئازاد" لە مۆبایلی لاینگرانێکییەوە گوتی: "نیگەران مەبن، ئێران ئازاد دەکەین".
بایدن زانیاری زیاتری لەسەر بابەتەکە نەدا.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوول، مەهسا ئەمینی بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" لەلایەن پۆلیسی ئیرشادی تارانەوە دەستبەسەر کرا، دوای دەستبەسەر کردنیشی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد کە ئەمەش لە ئێران کاردانەوەی توندی بەدوای خویدا هێنا.
دەربارەی رووداوەکە پۆلیسی تاران، ئەوەی خستەڕوو کە مەهسا دوای دەستبەسەر کردنی لەناکاو بێهۆشبووە، ئەو گرتانەشی لە کەناڵی فەرمی حکوومەتی ئێران بڵاوکراونەتەوە، ئەوە نیشان دەدەن کە مەهسا دوای هاتنی بۆ بنکەی پۆلیس و لە کاتی گفتوگۆ کردنی لەگەڵ پۆلیسێکدا لەناکاو باری تەندروستی تێکچووە و لە هۆش خۆی چووە.
چالاکوانانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەم لێدوانانەی پۆلیس رەت دەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەهسا لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا لێیدراوە.
تەرمی مەهسا ئەمینی، رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شارۆچکەی سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی ناشتنەکەیش لە تارانی پایەتەخت و شارەکانی رۆژئاوای ئێران، خۆپیشاندان دەستی پێکرد.
تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بۆ زۆربەی ناوچەکانی ئێران پەلیان کێشاوە و لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانیشدا پێکداهەڵپژان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروست بووە.