Davit Kachkachishvili
11 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە سوپای رووسیا رۆژانە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی هەستیاری وزەی ئۆکراینا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامی رۆژانەیدا بۆ گەلەکەی کە درەنگانی شەو لە هەژماری تێلیێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا، پچڕانی کارەبا لە ئۆکراینا درێژەی هەیە.
سەرۆکی ئوکراینا باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بەتایبەتی ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج و لە ناوچەی ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشیان ئەنجامداوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە کرد لە کۆی ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە هێزەکانی رووسیا ئاڕاستەیان کردووە، ١٠یان لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتەخوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ژێرخانی وزە زیانی بەرکەوتووە و گوتی: ''رەوشی ناوچەی ئۆدیسا زۆر سەختە''.
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوەیش کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە کارەبا لە تەواوی ناوچەکە بڕاوە و گوتی: ''لەئێستادا لە ئۆدیسا زیاتر لە ١،٥ ملیۆن کەس بێ کارەبان، جگە لە ئۆدیسا لە زۆر ناوچەی دیکەی وڵات بەتایبەتی کیێڤ پچڕانی کارەبا درێژەی هەیە. رۆژانە بۆردومان بۆسەر ناوچە جیاوازەکان درێژەی هەیە، هێرشی مووشەکیی ئەنجام دەدرێت. بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش هێرش دەکەن. رۆژانە هێرش دەکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزە''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها باسی لەوە کرد کە بەچڕی کاردەکەن بۆ چاککردنەوەی ئەو دامەزراوانەی وزە کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەردەکەوێت.