Zana Natık Kerem
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن پەرۆشی حکوومەتەکەی بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەرجەم بوارەکاندا نیشان دا و رایگەیاند کە سەقامگیریی عێراق، کلیلی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن و شاندی یاوەری.
لە میانی کۆبوونەوکەدا، ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆڵی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و راونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش خراونەتە بەرباس.
محەمەد شیاع سوودانی پەرۆشی حکوومەتەکەی بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەرجەم بوارەکاندا نیشان دا و رایگەیاندووە کە حکوومەتەکەی لە پەیوەندییە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانیدا سیاسەتێکی ھاوسەنگ پەیڕەو دەکات کە پشت بە بەرژەوەندی ھاوبەش دەبەستێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە سەقامگیریی عێراق کلیلی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە و رایگەیاندووە کە عێراق رۆڵی نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دەگێرێت.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن پابەندبوونی وڵاتەکەی بە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی عێراق دووپات کردەوە، ھەروەھا خواستی ئەمریکای دەربڕیوە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندی و ھاریکارییە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن بەسەردانێکی پێشتر رانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا.