Muhammet Ali Kemal
09 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2016
سەرۆکوەزیرانی رووسیا دیمیتری مێدڤێدڤ کە بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئازەربایجان لەلایەن سەرکۆماری ئەو وڵاتە ئیلهام عەلیێڤەوە پێشوازی لێکرا. لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی رووسیا و سەرکۆماری ئازەربایجان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.
لای خۆیەوە عەلیێڤ رایگەیاند لەگەڵ مێدڤێدڤ باسی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئازەربایجان، پرسە ناوچەییەکان و رووداوەکانی ئەم دواییەی قەرەباغیان کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ ئازەربایجان نیشانەی گرنگیدانی ئەو وڵاتەیە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی باکودا و ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە قەرەباغ و حەوت پارێزگای دەوروبەری ماوەیەکی زۆرە داگیرکراوە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە یەک ملیۆن مرۆڤ ئاوارەبوون.
لەبەرامبەریشدا مێدڤێدڤ ئاماژەی بەوەکرد پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ ئازەربایجاندا لەسەر بنەمای دۆستایەتی و رێزە و هاوکات پەیوەندی ستراتیژین کە تێیدا هەردوولا بەرژەوەندییان هەیە.
دیمیتری مێدڤێدڤ باسی لەوەشکرد ئەوان لایەنگری ئەوەن کیشەی قەرەباغ بەرێگەی ئاشتی چارەسەر بکرێت و گوتی: ''کێشەکە جگە لە رێگەی ئاشتییانە و دانوستاندن رێگەیەکی دیکەی نییە بۆ چارەسەرکردن. هەر لەبەر ئەوە ئێمە پشتیوانیی لە دوایین ئاگربەست دەکەین کە لە ئارادایە. پێویستە هەڵوێستی لایەنەکان لەیەکتر نزیک بکرێتەوە و هەندێک سازش بکرێت. هیچ جۆرە پێکدادانێک بە سەرکەوتنی لایەنێک لە لایەنەکان کۆتایی نایەت و هەموو کات بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان و بنیاتنانی ئاشتی سازشی قورس دەکرێت''.