Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
17 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2024
قودس ـ AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو بڕیاریداوە ئەنجوومەنی جەنگ ھەڵبوەشێنێتەوە.
میدیای فەرمی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە بنیامین ناتانیاھو بە وەزیرەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەنجوومەنی جەنگ ھەڵدەوەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوەکە ئەو ھەنگاوەش دوای ئەوە دێت وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن غەفیر داوای کردووە ببێتە ئەندام لە ئەنجوومەنی جەنگ، ھاوکات وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالیل سمۆتریچ داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکەی کردووە.
ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ١١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەسەرۆکایەتی بێنی گانتز پێکھێنرا.
ھاوکات ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یۆواڤ گالانت و سەرۆک ئەرکانی پێشوو، گادی ئێسینکۆت و وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل، ڕۆن دیرمێر و سەرکردەی پارتی "شاس"، ئارییە درعی لە ئەنجوومەنی جەنگ ئەندامبوون.
بەڵام لە ٩ی ئەم مانگە ھەر یەک بێنی گانتز و گادی ئێسینکۆت لە ئەنجوومەنی جەنگ دەستیان لەکارکێشایەوە و بنیامین ناتانیاھویان بەوە تۆمەتبار کرد کە سیاسەتگەلێک پەیڕەو دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی دەکات.
ھەروەھا بێنی گانتز و گادی ئێسینکۆت، بنیامین ناتانیاھویان بەوە تۆمەتبار کرد کە لەبەدیھێنانی ئامانجەکانی جەنگ لە شەڕی کەرتی غەززە، شکستی ھێناوە و داوایان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد، بەڵام بنیامین ناتانیاھو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ڕەت دەکاتەوە.
ھاوکات لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرکردەی پارتی ئۆتزما یەھودیت (پارتی ھێزی یەھودی)، ئیتمار بن غەفیر داوای لە بنیامین ناتانیاھو کردبوو کە ئەنجوومەنی جەنگ ھەڵبوەشێنێتەوە.
ھەر لەوبارەیەوە سەرکردەی پارتی" ئایینی زانیۆمی توندئاژۆ"، بێزالیل سمۆتریچ داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی جەنگی کردووە.
پێشتر سەرکردەی پارتی ئۆتزما یەھودیت (پارتی ھێزی یەھودی) و وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن غەفیر لەگەڵ وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالیل سمۆتریچ ھەڕەشەی ئەوەیان کردبوو، ئەگەر بنیامین ناتانیاھو ڕەزامەندی نیشان بدات لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتن لەبارەی ئاڵوگۆڕی دیالەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئەوە لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکێشێنەوە.
میدیای فەرمی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بنیامین ناتانیاھو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێشھاتەکانی شەڕی غەززە لەگەڵ یۆواڤ گالانت، ڕۆن دیرمێر و ئارییە درعی کۆدەبێتەوە.