Zana Natık Kerem
02 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، گیدۆ کرۆسێتۆ پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان لە بواری ئەمنییدا تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، گیدۆ کرۆسێتۆ و شاندی یاوەری.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنییدا تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا فراوانتر بکات بە تایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مەشق و راھێناندا، ھەروەھا باسی لەوەیش کردووە کە عێراق دەیەوێت لە بواری ئاو و ژینگەدا، سوود لە شارەزایی تەکنەلۆجیا وەربگرێت.
عەبدولـلەتیف رەشید راشیگەیاندووە کە کاری لەپێشینەی حکوومەتی عێراق، گرنگیدانە بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتدا و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لەئێستادا، ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق بەرقەرارە.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، گیدۆ کرۆسێتۆ رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پەرۆشی ئەوەیە، پەیوەندییەکانی لەسەرجەم بوارەکاندا، پتەوتر بکات بە تایبەتی لە بوارەکانی ئەمنیی ھەواڵگریی، ژینگە، ئاو و پیشەسازییدا، ھەروەھا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەرامبەر ئەو پێشھاتە ئەرێنییانەی کە لە عێراق بەدیھاتوون، بەتایبەتی لە بواری چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییدا.