Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید ڕایگەیاند کە عێراق ڕۆڵی سەرەکی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش، سەقامگیریی و لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەگێرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازیی کردووە لە وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئەلیکساندەر شالنبێرێگ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی نەمسا لە عێراق دەربڕیوە، ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدان بە ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە بارودۆخی گشتیی عێراق کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئێستا ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق، بەرقەرارە و حکوومەت کار دەکات بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی کارنامەکەی کە بریتییە لەبونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتییان، ھەروەھا دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆسەرمایەگوزاران بە مەبەستی ھاندانی وەبەرھێنان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی و باشترکردنی ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھەروەھا سەرکۆماری عێراق تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان و ڕایگەیاندووە عێراق ڕۆڵی سەرەکی لە بەرجەستەکردنی ئاسایش، سەقامگیریی و لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەگێرێت، ھاوکات ستایشی ئەو ھەوڵانەی کردووە کە لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران خراونەتەگەڕ.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە کە عێراق کار دەکات بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی و ھەمانگی باش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، ھاریکاریی ئابووریی و بازرگانیی، ھەروەھا پێکەوە کارکردن لە پێناو ڕووبە ڕووبوونەوەی کاریگەییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا و پاراستنی ژینگە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئەلیکساندەر شالنبێرێگ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە ئاسایش و سەقاگیریی عێراق دەکات.