Zahir Sofuoğlu
12 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2023
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، یەکەم فڕۆکە فریاگوزاریی وڵاتەکەمان کە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن، ھەروەھا پێداویستییە سەرەتاییەکانی ھەڵگرتووە گەیشتووەتە لیبیا کە بەھۆی زریانەوە زیان بەر ژمارەیەک ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا یەکەم وڵاتە وەڵامی ئەو بانگەوازە فریاگوزارییە دەداتەوە کە لەلایەن لیبیای برایەوە دەستی پێکردووە.
ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری سەربە سەرۆکایەتی ئیدارەی کارەسات و دۆخی لەناکاوی تورکیا (ئافاد) و ھاوکاری مرۆییمان بە فڕۆکەیەکی سەر بە ھێزی ئاسمانیی، گەیاندووەتە لیبیا".
تا ئێستا دوو فڕۆکە کە یارمەتی مرۆییان ھەڵگرتووە، لەلایەن تورکیاوە ڕەوانەی ئەو ناوچانەی لیبیا کراون لە بەھۆی زریانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە زریانی "دانیال" ژمارەیەک ناوچەی ڕۆژھەڵاتی لیبیا لەوانەش شارەکانى بنغازی، بەیزا، سووسە و درنەی گرتەوە کە بەھۆیەوە لافاو لەو شارانە دروستبوو.
پێشتر وەزیری تەندروستیی حکوومەتەکەی ڕۆژھەلاتی لیبیا، عوسمان عەبدولجەلیل ڕایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارەساتی لافاوەکەی ڕۆژھەڵاتی وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە سێ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە، ھەروەھا بە ھەزاران کەسی دیکە لەو کارەساتەدا بێسەروشوێنن.