Muhammet Torunlu
06 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2022
سارایێڤۆ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەی بۆ ناوچەی بەلقان، گەیشتە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی سارایێڤۆ لەلایەن وەزیری دەرەوەی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، بیسیرا تورکۆڤیچ و سەرۆکی شارەوانیی سارایێڤۆ، بێنیامین کاریچ و باڵیۆزی تورکیا لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، سادق گیرگین و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
ھەریەک لە ھاوسەری سەرکۆماری تورکیا، ئامینە ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار و وەزیری بارزگانیی، محەمەد مووش و وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو یاوەری رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن لە گەشتەکەی بۆ ناوچەی بەلقان.
ھەروەھا شاندی یاوەری سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گەشتەکەی بۆ ناوچەی بەلقان ھەریەک لە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون و گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن و سەرۆکی دەستەی پیشەسازییەکانی بەرگریی، ئیسماعیل دەمیر و ژمارەیەک وەزیری دیکە لەخۆدەگرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوی کردەوە، گەشتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ناوچەی بەلقان کە لە ئەمڕۆ سێشەممە شەش ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستی پێ کراوە، سربیا و کرواتیایش دەگرێتەوە و تا ھەشتی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.