Mümin Altaş,Merve Yıldızalp
06 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی گازی سروشتی لە ئەورووپا رایگەیاند "وای بۆ دەچم بۆ ئەم زستانە، ئەورووپا دووچاری کێشەی جیدی ببێتەوە. ئێمە (وەک تورکیا) کێشەیەکی لەم جۆرەمان نابێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا کە یەکەم وێستگەی گەشتەکەی دەبێت بۆ وڵاتانی بەلقان لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە ٣٠ ساڵە تورکیا پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ بۆسینا و هەرزەگۆڤینا و کرواتیا دروست کردووە، ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی سیاسەتێکی گرتووەتە بەر کە پشتیوانی لە سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی بەلقان دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە کاتێکدا پەیوەندییەکانیان پتەوتر کردووە لەگەڵ وڵاتانی بەلقان، هەروەها رێگە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکانیش دەگرن و گوتی: "تەوەری سەرەکی سەردانەکەمان وەگەڕخستنی هەوڵەکانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی بۆسینا و هەرزەگۆڤینا کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە. لە تەواوی پەیوەندییەکانمان جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیریی و ئارامی بەلقان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی بۆسینا و هەرزەگۆڤینا دەکەینەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ئاراستەکردنی کلیلی رادار لە رێگای سیستەمی بەرگریی S-300ی یۆنانەوە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوتی: "بەردەوامین لە تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. پێداگیرانە هەستیاریمان لەبارەی رووداوی ئاراستەکردنی کلیل بەردەوامە. یۆنانیش هەست بەوە دەکات، بۆیە هەوڵی راستکردنەوەی ئەمە دەدەن. لەبارەی هەرجۆرە بڕیاردانێکیش سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یۆنانیش لە دوای ئەم قۆناغەوە زیاتر بیری لێ دەکەینەوە. ئەگەرنا بە پێچەوانەوە وەک ئەوەی هەمیشە گوتوومە لەوانەیە شەوێک لەناکاو بێین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی گازی سروشتی لە ئەورووپا رایگەیاند "ئەورووپا چی چاندووە ئەوە دەدروێتەوە. بە دڵنیایییەوە بتەوێت و نەتەوێت هەڵوێست و سەپاندنی سزاکان لەلایەن ئەورووپاوە بۆسەر رووسیا، وای لە بەڕێز (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین کردووە لە بەرامبەر ئەمەدا تەواوی تواناکان و کارتەکانی دەستی (بەرامبەر ئەورووپا) بەکار بهێنێت. گرنگترین کارتی ئەمەیش گازی سروشتییە. بەداخەوە وای بۆ دەچم بۆ ئەم زستانە ئەورووپا دووچاری کێشەی جیددی ببێتەوە. ئێمە (وەک تورکیا) کێشەیەکی لەم جۆرەمان نابێت".