Berk Özkan
11 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2021
ئیستانبول - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی شاری سربرێنیتسا رۆژهەڵاتی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا کە لە ساڵی ١٩٩٥ سربییەکان دژبە هاووڵاتییانی مەدەنی بێ دیفاع ئەنجامیاندا، رایگەیاند: ''بە هەرشێوەیەک بێت رێگە نادەین ئەو پەڵە رەشەی ئەورووپا و مرۆڤایەتی وەلا بنرێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی ئەو رێوڕەسمە کرد کە بەبۆنەی بیست و شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکی سربرێنیتسا لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا سازکرابوو.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا کە بە سڵاوکردن لە خەڵکی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا دەستی پێ کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەتەوە بە مەبەستی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکەی سربرێنیتسا و بەشکردنی ئەو ئازارانەی کە لە دڵەکاندا دانامرکێنەوە.
سەرکۆماری تورکیا داوای لێخۆشبوونی لە خوا بۆ قوربانییەکان کرد و داوای ئارامگریشی لە خانەوادەکانیان کرد و گوتی: ''سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٦ ساڵ هێشتا برینی سربرێنیتسا خوێنی لێدەتکێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتی: ''ئازارەکانتان بە ئازاری خۆمان دەزانین و بە خاوەندارێتیکردنی ئامانەتەکەی خوالێخۆشبوو علی عیزەت بهگۆڤیچ ئەو کۆمەڵکوژییە لە بیرناکەین''.
هەروەها رایگەیاند: ''بە هەرشێوەیەک بێت رێگە نادەین ئەو پەڵە رەشەی ئەورووپا و مرۆڤایەتی وەلا بنرێت. بەدڵنیایییەوە ئەو بڕیارەی دادگای نێودەوڵەتی مانگی رابردوو لەبارەی تاوانباری جەنگ، راتکۆ ملادیچ دای، ئازاری کۆمەڵکوژییەکە دانامرکێنێتەوە. بڕیارەکانی دادگا نە گیانی قوربانییان دەگەڕێنێتەوە، نە برینی دڵەکان ساڕێژ دەکات، بەڵام ئەو بڕیارانە و هاوشێوەکانی کە بەرجەستەی دادپەروەری دەکەن، رۆڵیان دەبێت لە بەرگرتن لە دووباربوونەوەی تاوانی کۆمەڵکوژی، لێرەوە داوا لە هەموو سیاسییەکان دەکەم دژبە لێدوانی توند و جیاکاری بوەستنەوە و لە دەوری بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتییدا کۆببنەوە''.
ئەردۆغان باسیشی لەوە کرد کە پاراستنی ئاشتی و و ئارامیی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا کە خاڵی دووڕیانی باوەڕ، کولتوور و نەژادە جیاوازەکانە زۆر گرنگە و گوتی: ''سەقامگیری هەر ناوچەیەکی ناوخۆی وڵات بۆ بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا و سەقامگیری بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا-یش بۆ هەموو ئەورووپا پێویستە بەتایبەتی بۆ بەلقان. ئەو بەرپرسیارێتییەی مێژوو پێیداوین هەموو بەیەکەوە هەڵیدەگرین و ئەرکی ئێمەیە ئاشتیی لەو خاکەدا بەرقەراربکەین بۆ هەمیشە''.
گوتیشی: ''تورکیا وەک دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەیش لە پاڵ بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا و خوشک و برایانی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینادا دەبێت''.