Mehmet Tosun
30 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن هەر کات کارەکانی ڤاکسینی خۆجێیی تەواوبوو لە گونجاوترین هەلومەرجدا پێشکەش بە هەموو مرۆڤایەتی دەکەن بۆ بەکارهێنان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی ئەو چالاکییە کرد کە لەژێر ناوی ''ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و پشتیوانی دارایی لە گەشەسەندنی قۆناغی دوای پەتاکە'' لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە بەشداری سەرۆکی دەوڵەتان و حکوومەتەکان رێکخرابوو.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا باسی لە رەوشی ئێستای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کرد و گوتی: ''بابەتی ڤاکسین دۆخێکی ترسناکی وەرگرتووە. دەبینین لەسەرانسەری جیهاندا هێشتا نزیکەی ١٠٠ وڵات ڤاکسینیان بەدەست نەگەیشتووە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "لەڕووی مرۆڤایەتییەوە شتێکی نیگەران بەخشە، هەندێک وڵات ڤاکسینی بە نزیکەی هەموو هاووڵاتییەکانی خۆی دابێت و هەندێک وڵاتیش تا ئێستا دۆزی یەکەمی ڤاکسینەکانیان بەدەست نەگەیشتبێت".
سەرکۆماری تورکیا باسی لە هەوڵەکان کرد بۆ کۆتایهێنان بە پەتاکە و رایگەیاند ''هەتا دڵنیایی نەبێت لەبارەی گەیشتنی ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، پەتاکە کۆتایی نایەت و ئابووریی ئاسایی نابێتەوە''.