Ferdi Türkten
14 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2022
سەمەرقەند - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاری شەنگەهای-دا، سەردانی ئۆزبەکستان دەکات.
ئەردۆغان کە لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزیۆیێڤ کە وڵاتەکەی میوانداری لووتکەکە دەکات، بەشداری دەکات و لە چوارچێوەی لووتکەکەشدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە ساز دەکات.
سەرکۆماری تورکیا، سبەی سەردانی شاری سەمەرقەند دەکات کە لووتکەکەی تیادا ساز دەکرێت و بەو ناوچانەدا دەگەڕێت کە تازە بنیات دەنرێن و بە شاری ''شاری ئەبەدی'' ناسراوە و لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەدا بەشداری لە ئێوارە خوانێکدا دەکات.
رۆژی دواتر ئەردۆغان بەشداری لە چالاکی کردنەوەی لووتکەکەدا دەکات و بەشداری لە وێنەگرتنی بەکۆمەڵ دەکات و لە دووەم رۆژی لووتکەکەدا، گوتارێک پێشکەش دەکات.
لە چوارچێوەی لووتکەکەدا، ئەردۆغان زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکان ئەنجام دەدات، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی چین، شی جین پینگ.
پێشبینی دەکرێت بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و پوتین، رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە بێت.
هەر یەک لە رووسیا، چین، کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان، پاکستان، هیندستان و ئۆزبەکستان کە ئەندامانی رێکخراوی هاریکاری شەنگەهای-ین و سەرۆکەکانی بێلاڕووس، مەنگۆلیا و ئێران کە ئەندامانی چاودێریی رێکخراوەکەن و سەرۆکی تورکمانستان، سەردار بەردیموحەمەدۆڤ و نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزیۆیێڤ بەشداری دەکەن.