Ali Kemal Akan
15 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەمەبەستی بەشداریکردن لە ٢٢ەمین لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای کە وەک میوانی تایبەت بانگهێشت کراوە، بەرەو شاری سەمەرقەند لە ئۆزبەکستان بەڕێ کەوت.
سەرکۆمار و شاندی یاوەری لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە، لەلایەن جێگری سەرکۆمار، فوئاد ئۆکتای و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی تورکیاوە بە ڕێ خران و کاتژمێر ١٠:٢٠، سەرکۆمار و شاندی یاوەری بە فڕۆکەی تایبەتی "TC-TRK" بەڕێ کەوتن.
خاتوو ئەمینە، هاوسەری سەرکۆمار، هەروەها هەریەک لە وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو؛ وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، فاتیح دۆنمەز؛ وەزیری بەرگریی، خولوسی ئاکار و وەزیری بازرگانیی، مەهمەت مووش لەنێو ئەو شاندەدان کە یاوەری ئەردۆغان دەکەن.
سەرکۆمار ئەردۆغان لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزییۆێڤ وەک میوانی تایبەت بەشداری لە ٢٢ەمین لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای دەکات.
لەو کاتەوەی تورکیا چووەتە ناو ستاتۆی "هاوبەشی دیالۆگ"ی رێکخراوەکە لە ٢٠١٢، یەکەمجارە تورکیا لەسەر ئاستی سەرکۆمار بەشداری لە لووتکەی رێکخراوەکەدا دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دانیشتنی لووتکەکەدا لە ١٦ی ئەیلوول گوتار پێشکەش بکات و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیش ئەنجام بدات.