سەرکۆمار ئەردۆغان: "یارمەتییە مرۆییەکانمان گەیشتنە غەززە"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "لە دەوروبەرمان کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی مێژوویی ڕوودەدات. وەک سەدەی پێشوو، ڕێکخستنێکی نوێی جیهانی کە ئێمەش وەک ناوەندی جوگرافیاکە بەشێکین لێی، خەریکە خۆ دەگرێت".
Trabzon
ترابزۆن - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە خێرایی پێ بەخشراوە. بارهەڵگرەکانی تورکیاش کە یارمەتی مرۆییەکان دەگوازنەوە گەیشتنە غەززە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکدا لە ترابزۆن، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لەسەرەتادا سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "لە دەوروبەرمان کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی مێژوویی ڕوودەدات. وەک سەدەی پێشوو، ڕێکخستنێکی نوێی جیهانی کە ئێمەش وەک ناوەندی جوگرافیاکە بەشێکین لێی، خەریکە خۆ دەگرێت".
پەیوەنیدار بە جەنگی نێوان ڕووسیا-ئۆکراینا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ئاواتەخوازین ئەو جەنگە کۆتایی پێ بێت. بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە ئەوەی بکەوێتە سەر شانمان ئامادەین جێبەجێی بکەین". ڕاشیگەیاند: "بۆ ڕاگرتنی ئەو جەنگە و بەدیهێنانی ئاشتی، لەگەڵ هەردوو وڵات لە پەیوەندی داین. گرنگە بۆمان کە دەریای ڕەش نەکەوێتە مەترسییەوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها گوتی: "ئیستا تاقیکردنەوەیەکی گەورە لەبەردەم مرۆڤایەتی و جیهانی ئیسلامی دایە. بەر لە هەموو شتێک پێویستە دڵنیابینەوە لە پابەندی ئیسرائیل بەو واژوویەی کە کردوویەتی.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ غەززە خێرایی پێ بەخشراوە. بارهەڵگرەکانی یارمەتی مرۆیی ئێمەش گەیشتنە غەززە".

سەرکۆمار ئەردۆغان داواشی کرد کە هەتا زستان نەهاتووە پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ دانیشتووانی غەززە و گوتی، "وەک تورکیا ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە سایەی دەسەڵاتدارێتی ئێمەدا، تورکیا لەسەر ئاستی جیهانی بووەتە یەکێک لەو ئەکتەرانەی کە جێی ڕێزە، کاریگەری هەیە و قسەی لێ وەردەگیرێت".

